بۆ ئاهەنگى تەخەروج
ئارایشتگایەک لە سلێمانی بەخۆڕایی کچی شەهیدان دەڕازێنێتەوە
دیلان محەمەدجەزا- سلێمانى
بەهۆی نزیکبوونەوەی ئاهەنگەکانی دەرچوونی زانکۆ و پەیمانگاکان، خوێندکاران سەرقاڵی ئامادەکارین بۆ رۆژی کڵاوەکە، لەم چوارچێوەیەشدا ئارایشتگایەک لە سلێمانی دەستپێشخەرییەکی جوانی بۆ کچانی شەهیدان راگەیاند.
لارا محەمەد، خاوەنی ئارایشتگاکە بە تۆڕی 964ـی راگەیاند، بڕیاریانداوە بۆ رۆژی ئاهەنگی دەرچوون، بەبێ بەرامبەر و بەخۆڕایی سەرجەم کچانی شەهیدان بڕازێننەوە.
سەبارەت بە هۆکاری ئەم دەستپێشخەرییە، لارا محەمەد بە 964ـى وت،” ئەوان لە پێناو خاک و نیشتمان گیانی خۆیان بەخشی، ئێمەش لای خۆمانەوە دەمانەوێت بە رازاندنەوەی ڕۆڵەکانیان لەورڕۆژە تایبەتەیاندا، بەشێک لە ئەرکی سەرشانمان جێبەجێ بکەین.”
دەستپێشخەرییەکەی ئەم ئارایشتگایە تەنیا تایبەت نییە بە کچانی شەهیدان، بەڵکو بۆ هاوکاریکردنی سەرجەم خوێندکارانیش داشکاندنێکی گەورەیان کردووە، بە جۆرێک تێچووی رازاندنەوەیان بۆ رۆژى دەرچوون لە 300 هەزار دینارەوە بۆ 100 هەزار دینار کەمکردووەتەوە.
پێداچوونەوە : وریا فەتاح