رواندز
بە میراتى باوکیان قوتابخانەیەکیان دروستکرد
ئاکام غەفور – سۆران
زۆر خوشک و برا و خێزان هەیە بەهۆى میراتەوە ناکۆکى دەکەوێتە نێوانیان، بەڵام خێوانێکى رەواندز دەست نابەن بۆ میراتى باوکیان و بەو پارەیەى بۆیان جێماوە، قوتابخانەیەکى پێ دروست دەکەن.
ئەمڕۆ لە رواند، قوتابخانەى (فەتاح حاجى محەمەد)کرایەوە، کە خێزانەکەى لەو میراتەى لە باوکیانەوە بۆیان جێماوە، ئەو قوتابخانەیەیان دروستکردووە کە دوو دەوامە و 400 قوتابى تێیدا دەخوێنن.
مامۆستا جیهان فەتاح بە 964ـى وت،”وەک وەفایەک بۆ باوکمان و بۆ ئەو خزمەتەى پێى کردووین، بڕیارمدا دەست نەبەم بۆ میراتەکەى و قوتابخانەیەکى پێ دروست بکەم لە رواندز بۆ خەڵکى خۆمان”.
ئەوان 250 هەزار دۆلار واتا (25) دەفتەریان لە دروستکردنى قوتابخانەکەدا خەرج کردووە و ئەمڕۆ دەرگاکەى بەڕووى قوتابیاندا کرایەوە.
لاى مامۆستا جیهان قوتابخانە ئەدەب و پەروەردە و دین و زمانە و رۆشنبیرییە، بۆیە بڕیاریانداوە قوتابخانەى پێ دروست بکەن.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح