داهێنانى گەنجێک

چیتر بەدواى غازفرۆشدا راناکەیت، بە نامەیەک ئاگادارى دەکاتەوە

کاروان ساڵحی – کەرکوک

گەنجێکی دانیشتووی قەزای حەویجە لە پارێزگای کەرکوک، بەبێ هەبوونی بڕوانامەی ئەکادیمی، لە رێگەی بەکارهێنانی کەرەستەی لەکارکەوتوو چەندین ئامێری جیاواز دروست دەکات و ئێستاش کار لەسەر پرۆژەیەکی تایبەت بە ژیریی دەستکرد دەکات کە ئەویش ئاگادارکردنەوەى غازفرۆشى گەڕەکە، هەرکات غازى ماڵەوە تەواو بوو.

ئەنوەر مەحمود، تەنیا تا پۆلى 5ـى سەرەتایى خوێندووە، بەڵام نەبوونی بڕوانامە نەبووەتە رێگر لەبەردەم حەوخولیاکەى بۆ جیهانی ئەلیکترۆنیات. ئەنوەر ئێستا کارمەندە لە کۆمپانیایەکی پەیوەندییەکان لە قەزاکەی خۆیان و تواناکنى لە بەرهەمهێنانی ئامێری نوێدا تاقیدەکاتەوە.

ئەنوەر قسەى بۆ 964 کردووە و دەڵێت: لە منداڵییەوە خولیای کاری ئەلیکترۆنیاتم هەبووە و بەبەردەوامی لە کەرەستەی بێ کەڵک ئامێری نوێم دروستکردووە، دوایین کاریشم دروستکردنی مەلەوانگەیەکی خولاوە بوو لە بانێۆی ماڵان کە بە پاتری و ماتۆڕی سکۆتەر کاردەکات و بۆ گەرمای هاوین زۆر گونجاوە.

سەبارەت بە پرۆژەکانی پێشتری، ئەنوەر ئاماژەی بەوە کرد کە قەنەفە و جۆڵانەیەکی بە کۆنتڕۆڵ دروستکردووە و لە ناو کۆڵانەکاندا لێیخوڕیوە.

ئەو گەنجە ئێستا کار لەسەر بیرۆکەیەکی نوێ دەکات بۆ ئاسانکاریکردن لە کاروباری ناوماڵ و پاراستنی سەلامەتیی ژنان لە چێشتخانەدا. بەرنامەکە بە سیستەمی ژیریی دەستکرد (AI) کاردەکات، بەجۆرێک پێش ئەوەی بوتڵی غازی ماڵان بەتاڵ ببێتەوە، سیستەمەکە بەشێوەیەکی خۆکارانە نامەیەک بۆ غازفرۆشی گەڕەک دەنێرێت و شوێنی ماڵەکەی بۆ دیاری دەکات تا بێت و پڕی بکاتەوە.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح