هەناردەکردنی رۆژانەی 750 هەزار بەرمیل نەوت

عەلی زەید: رێکەوتنەکەی ئەمڕۆمان لەگەڵ تورکیا ستراتیژی و گرنگە

فەرهاد حەسەن

عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراقی لەبارەی ئەو رێکەوتنەی ئەمڕؤ لایەنی عێراقی لەگەڵ وڵاتی تورکیا بۆ هەناردنەکردنەوەی نەوت واژۆی کردووە، بە ستراتیژی و گرنگ وەسفدەکات.

زەیدی لە تۆڕیX  نووسیویەتی، لە دەستکەوتێکی ستراتیژی گرنگدا بۆ دەستەبەرکردنی بەردەوامیی هەناردەکردنی نەوتمان و بەهێزکردنی هاوکارییە ئابوورییەکانی نێوان عێراق و تورکیا، ئەمڕۆ هەردوولا رێککەوتنێکیان لەبارەی گواستنەوە و بارکردنی نەوتی خاوی عێراق لە رێگەی بۆریی عێراق – تورکیاوە بۆ بەندەری جەیهان واژۆ کرد.

دەڵێت “بەپێی رێکەوتنەکە رۆژانە لانیکەم 750 هەزار بەرمیل نەوت لە عێراقەوە هەناردەە دەکرێت”.

ئاماژەی بەوەکردووە، کە کۆمپانیا عێراقی و تورکییەکان لەم ئاڕاستەیەدا دەست بە ئەرکەکانیان دەکەن، هاوکات حکومەتی هەردوو وڵات، لە چوارچێوەی رێڕەوێکی تاوتوێکراودا، کار دەکەن بۆ تەواوکردنی رێککەوتننامەیەکی چوارچێوەیی کە کەرتەکانی نەوت، کارەبا، سەرچاوەکانی ئاو و ئەو بوارانەی تری هاوکاری لەخۆدەگرێت کە بەرژەوەندییە هاوبەشەکان بەهێز دەکات و پشتگیری لە گەشەپێدان و سەقامگیری دەکات.

دوای ئەوەی ئەمڕۆ شەممە وەزارەتی نەوتی عێراق، سەردانی وڵاتی تورکیا کرد، وتەبێژی ئەو وەزارەتە ئامانجی ئاشکرای کرد، کە واژۆکردنی رێککەوتنێکە بۆ ماوەی ساڵێک بە مەبەستی بەردەوامبونی هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە.

سه‌لیم ركابی، وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی  راگەیاند بوو، رێککەوتنەکە سێقۆڵییە و لە لایەنی عێراقییەوە کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوت (سومۆ) و کۆمپانیای نەوتی باکور، و لە لایەنی تورکیشەوە کۆمپانیای (بۆتاش) لەخۆدەگرێت.

لە رۆژی 27.7.2026 ماوەی کارپێکردنی رێککەوتنی دوولایەنە کۆتایی هات، کە بۆ چەندین دەیە کارپێکردنی هێڵی عیراق – تورکیاى رێکدەخست و لەکاتی سەردانەکەی عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عیراق بۆ تورکیا و کۆبونەوەی لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆگان، سەرۆک کۆمارى تورکیا کە لە چەند رۆژى رابردودا بوو، بەغدا و ئەنقەرە رێککەوتنی درێژکردنەوەى رێککەوتنامەکەیان ئیمزا نەکردەوە.