زیاتر لە 500 ماڵ بێ کارەبان

باران و بروسکە دەربەندیخانی بێ کارەبا کرد

میلاد جەلال – گەرمیان

ھەورە بروسکە و ئەو شەپۆلە بەھێزەی باران بارینی شەوی رابردوو لە دەربەندیخان زیانی زۆری بەر تۆڕی کارەبای نیشتیمانی قەزاکە گەیاندووە، زیاتر لە 500 ماڵ بێ کارەبان.

باست عەزیز، بەڕێوەبەری دابەشکردنی کارەبای دەربەندیخان بە 964ـى وت، “زیانی زۆر بەر کارەبای دەربەندیخان کەوتووە، لە بەیانی زووەوە تیمەکانمان سەرقاڵی کارکردنن، زیاتر لە 500 ماڵی دەربەندیخان لە گەڕەکە جیاوازەکان بێ کارەبا بوون”.

“محاویلەکان زیانیان پێنەگەیشتووە، تەنیا پێوەرە زیرەکەکانن کە بۆ کارەبای پرۆژەی رووناکی دانرابوون لەگەڵ فنجانی سەر ستوونەکان، بەھۆی ئەو باران و ھەورە بروسکەوە زیانیان پێگەیشتووە”، باست عەزیز وای وت.

ئاماژەی بەوەش کرد، تا کاتژمێر 12:00ـی شەو تیمەکانمان بەردەوام دەبن لە کارکردن بەڵکو بتوانن کارەبا بۆ ئەو ماڵانە بگەڕێننەوە، داوایشی کرد، ئەو ماڵانەی بێ کارەبا بوون لەرێگەی ئەم دوو ژمارەیەوە پەیوەندیان پێوەبکەن و تۆماریان دەکەن و تیمەکان دەڕۆنە لایان.

07710950505

07710960606

پێداچوونەوە: ژێوار خدر