"بەڵێنی دروستکردنی جووت پردێک دەدەن"

پارێزگاری سەڵاحەدین: رێگایەکی کاتی بۆ هاتوچۆی بارهەڵگرەکان دروست دەکەین

+964

سیروان خورشید – خورماتوو

دوای رووخانی پردی پەشدینە؛ پارێزگاری سەڵاحەدین بەڵێنی دروستکردنی جووت پردێک لە خورماتوو دەدات و رێگایەکی کاتیش بۆ بارهەڵگرەکان دەکاتەوە.

درەنگانی ئێوارەی ئەمڕۆ پارێزگاری سەلاحەدین بە یاوەری قایمقام و بەڕێوەبەری شارەوانی خورماتوو سەردانی پردی روخاوی “پەشدینە”ی کرد لەخورماتوو کە بەیانی ئەمڕۆ بەهۆی شەپۆلێکی بەهێزی لافاوەوە جارێکی تر روخایەوە.

زولفەقار حەیدەر، قایممقامی خورماتوو بە964ـی وت،” پارێزگاری سەلاحەدین هۆکاری دروستبوونی ئەم دۆخەی خستە ئەستۆی ئیدارەی پێشووی پارێزگاکە و بە کەمترخەم وەسفی کرد.

وتیشی، پارێزگار بەڵێنی داوە لە قۆناغی یەکەمدا بە خێرایی رێگەیەکی کاتی بۆ هاتوچۆی بارهەڵگرەکان دروست بکەن تا گرفت بۆ کەرتی گواستنەوە دروست نەبێت و پلانی تەواویش هەیە بۆ چارەسەری بنەڕەتی و هەمیشەیی پردەکە لەرێگەی دروستکردنی جووت پردێکی تۆکمە، بۆ ئەم مەبەستەش لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی عێراق لەسەر هێڵین تا هاوکارمان بێت لە تەواوکردنی پڕۆژەکەدا.

ئاماژەی بەوەشکرد، تێچووی نۆژەنکردنەوە و دروستکردنەوەی پردەکە بڕی چوار ملیار و 800 ملیۆن دیناری پێویستە.

پێداچوونەوە: پەری ساڵح