دەست بەسەر خواردنی زیانبەخشدا دەگیرێت لە دایەنگە و خوێندنگەکانی سلێمانی
964+
پەری ساڵح
قایمقامی سلێمانی هۆشداری دەدات؛ لە ئەنجامی 43 سەردانی مەیدانی؛ 29 پسوولەی سەرپێچی و ئاگادارکردنەوە درانە دایەنگە و خوێندنگەکانی سلێمانی
لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی قەزای مەڵبەندی سلێمانی چاودێرییە مەیدانییەکانیان بۆ سەر دایەنگە، خوێندنگە و دامەزراوە پەروەردەیییەکان چڕتر کردووەتەوە، ئەمەش بە مەبەستی راگرتنی ئاستی تەندروستی و پاراستنی سەلامەتیی منداڵان و خوێندکاران لە شوێنە پەروەردەیییەکاندا.
بەپێی ئامارێکی فەرمیی راگەیاندنی قایمقامیەتی سلێمانی، لە ئاکامی 43 سەردانی مەیدانیی لیژنەی دایەنگە و دامەزراوە پەروەردەیییەکان، 18 پسوولەی سەرپێچی بۆ ئەو شوێنانە بڕدراون کە پابەندی رێنماییەکان نەبوون. هەروەها 11 پسوولەی ئاگادارکردنەوە دراونەتە بەشێک لە شوێنەکان تا دەستبەجێ کەموکوڕییەکانیان چاک بکەن.
لە چوارچێوەی هەمان هەڵمەتدا، ئەندامانی لیژنەکە دەستیان بەسەر بڕێک خواردن و خواردنەوەی زیانبەخشدا گرتووە کە لە بەرژەوەندیی تەندروستیی منداڵاندا نەبوون.
قایمقامیەتی سلێمانی جەخت دەکاتەوە کە ئەم سەردانە مەیدانییانە بە شێوەیەکی بەردەوام بەردەوام دەبن و ڕێگە بە هیچ کەمتەرخەمییەکی تەندروستی لە خوێندنگە و دایەنگەکاندا نادرێت.