عەلی عەبقەری دوو دۆنم و نیو زەوی بۆ گۆڕەکەی تەرخان کردووە

دەڵێت "ئیسرائیل هەموو هێزی خۆی سەرف بکات ناتوانێت گۆڕەکەم بگرێت"

دیلان محەمەد جەزا – سلێمانی

عەلی عەبقەری پیاوێکی، دیارو قسەخۆشی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەو خەڵکی کەیفیان بە قسەکانی دێت و رووبەرێکی گەورەی زەوی بۆ گۆڕەکەی تەرخان کردووە و دەڵێت، نایەوێت لە گۆڕستانی گشتی بنێژرێت و دەیەوێت شوێنەکەی فراوان بێت بۆ ئەوەی میوانەکانی بە ئاسانی سەردانی بکەن.

عەلی عەبقەری بۆ 964 قسەی کرد و وتی، گۆڕەکەی رووبەری دوو دۆنم و نیوە و تەنانەت ئیسرائیلیش بە هەموو هێزی خۆیەوە ناتوانێت ئەو زەوییە داگیر بکات، ئاماژەی بەوەش کرد، مرۆڤی گەورە دەبێت شوێنی گەورەی هەبێت و هەموو ئامادەکارییەکی کردووە بۆ ئەوەی لەو شوێنە تایبەتەدا بنێژرێت.

باسی لەوەش کرد، کە بەهۆی گرژییەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل زیانی 12 وەرەقەی بەرکەوتووە و جامەکانی شکاون و دەشڵێت، ئۆتۆمبێلێکی جۆری ئۆپڵی بە 14 وەرەقە کڕیوە و دەیەوێت پڕۆژەیەکی فۆلکلۆری گەورە لە ناوچەکەدا وەک یادگاری بۆ نەوەکانی داهاتوو جێبهێڵێت.