رۆژى جیهانى نەهێشتنى نەخوێندەوارییە
لە جیهاندا؛ هێشتا 739 ملیۆن کەس ناتوانن بنووسن و بخوێننەوە
وریا فەتاح
لەکاتێکدا جیهان بەرەو تەکنەلۆجیاى پێشکەوتوو و ژیرى دەستکرد هەنگاو دەنێت، بەڵام هێشتا ژمارەیەکى زۆر لە دانیشتوانى جیهان، گیرۆدەى نەخوێندەوارین و 739 ملیۆن کەس لە جیهاندا نە دەزانن بنوسن، نە بخوێننەوە.
خوێندەواری بۆ خەڵک، هەسارەکە و خۆشگوزەرانی
رۆژی 8ـی ئەیلوولی هەموو ساڵێک، جیهان یادی “رۆژی جیهانیی نەهێشتنی نەخوێندەواری” دەکاتەوە. ئەمساڵ (2026)، رێکخراوی یونسکۆ 60ـەمین ساڵیادی ئەم رۆژە بە دروشمی “خوێندەواری بۆ خەڵک، هەسارەکە و خۆشگوزەرانی” بەرز رادەگرێت.
سەرەڕای ئەوەی لە ساڵی 1967ـەوە تا ئەمڕۆ هەوڵێکی زۆری جیهانی بۆ نەهێشتنی نەخوێندەواری دراوە، بەڵام ئامارەکانی یونسکۆ هێشتا جێگەی سەرسوڕمان و مەترسین:
بەپێى ئامارەکان، لانی کەم 739 ملیۆن گەنج و پێگەیشتوو لە جیهاندا هێشتا توانای سەرەتایی خوێندن و نووسینیان نییە (بەپێی داتاکانی 2024).
ئەوەشخراوەتەڕوو کە لە هەر 10 منداڵ، 4 منداڵ ناتوانن بگەنە کەمترین ئاستی توانای خوێندنەوە.
لە ئامارەکاندا هاتووە، 272 ملیۆن منداڵ و مێردمنداڵ لە سەرتاسەری جیهاندا لە دەرەوەی قوتابخانەن و بێبەشن لە خوێندن (بەپێی ئاماری 2023).
راپۆرتەکانی یونسکۆ دەریدەخەن کە پەیوەندییەکی راستەوخۆ و بەهێز هەیە لە نێوان نەخوێندەواری، هەژاریی سەخت و پێشێلکردنی مافەکانی ژناندا. ناوچەی باشووری ئاسیا کەمترین رێژەی خوێندەواری هەیە کە تەنیا 58.6%ـە، بەدوایدا وڵاتانی ئەفریقای خوارووی بیابان دێن بە رێژەی 59.7%. لەسەر ئاستی وڵاتانیش، خراپترین رەوشی نەخوێندەواری لە وڵاتانی بورکینافاسۆ (12.8%)، نایجەر (14.4%) و مالی (19%) تۆمار کراوە.
یونسکۆ جەخت لەوە دەکاتەوە کە خوێندەواری تەنیا فێربوونی پیتەکان نییە، بەڵکو مافێکی بنەڕەتیی مرۆڤە و دەروازەیەکە بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی دیکە، ئازادی، بوون بە هاووڵاتییەکی جیهانی، و دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی ئاشتیخواز و یەکسان.
بڕیارە ئاهەنگی سەرەکیی و جیهانیی ئەمساڵ، لە رۆژانی 8 و 9ـی ئەیلوولی 2026 لە وڵاتی مەکسیک، بە هاوبەشی لە نێوان یونسکۆ و حکومەتی مەکسیک بەڕێوەبچێت. مەراسیمەکە بە زمانەکانی ئینگلیزی، فەرەنسی و ئیسپانی بە شێوەی ئۆنلاین پەخش دەکرێت.
لە میانی ئەم رووداوە جیهانییەدا، رێوڕەسمی دابەشکردنی “خەڵاتە نێودەوڵەتییەکانی یونسکۆ بۆ نەهێشتنی نەخوێندەواری” بەڕێوەدەچێت، کە تێیدا خەڵات دەبەخشرێتە باشترین و سەرکەوتووترین پرۆگرامەکانی تایبەت بە نەهێشتنی نەخوێندەواری لەسەر ئاستی جیهان.
یونسکۆ ئامانجێتی لەم 60ـەمین ساڵیادەدا، تیشک بخاتە سەر ئەو بەرەوپێشچوونانەی لە ساڵی 2015ـەوە بەدەستهاتوون، هاوکات دیاریکردنی ئاڵەنگارییە نوێیەکان و داڕشتنی نەخشەڕێگایەکی کاریگەرتر بۆ داهاتوو، تا خوێندەواری ببێتە هۆکارێک بۆ گەشەپێدانی ئابووری و سەقامگیریی کۆمەڵگاکان.