دوو رۆژی دیکە گەرمایەکی تاقەتپڕوکێن دەگاتە کوردستان – وێنە؛ ئەرشیف
هەولێریش حاڵى باش نییە
گەرما لە لوتکەیە؛ ئەمڕۆ گەرمیان دەکوڵێت و خۆڵبارین هەرێم دەگرێتەوە
964+
وریا فەتاح
شەپۆلێکی توندی گەرما ناوچەکانی هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە و پێشبینی دەکرێت ئەمڕۆ پێنجشەممە پلەکانی گەرما بگەنە بەرزترین ئاستی خۆیان. بەجۆرێک لە ناوچەی گەرمیان پلەی گەرما دەگاتە 49 پلەی سیلیزی، هاوکات بەهۆی خێرایی باوە، شەپۆلێکی سووکی خۆڵبارین زۆربەی ناوچەکان دەگرێتەوە.
بەپێی پێشبینییەکانی کەشوهەوا، ئەمڕۆ ئاسمان ساماڵ دەبێت، بەڵام بەهۆی چالاکبوونی خێرایی با (کە ئاراستەکەی لە باکووری رۆژهەڵاتەوە بۆ باشووری خۆرهەڵاتە و خێراییەکەی لە نێوان 20 بۆ سەرووی 30 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا دەبێت)، تۆزوخۆڵێکی سووک بەرز دەبێتەوە. ئەمەش وادەکات مەودای بینین بۆ 5 تا 8 کیلۆمەتر کەم ببێتەوە، پێش ئەوەی لە کاتەکانی ئێوارەدا کەشەکە سەقامگیر بێتەوە و ئاسایی ببێتەوە.
پلەکانی گەرما نزیک دەبن لە تۆمارەکانی دوێنێ و بەم شێوەیە دەبن: گەرمیان وەک گەرمترین ناوچە 49 پلە تۆمار دەکات، دوای ئەویش پایتەخت دێت کە هەولێرە بە 47 پلە، پاشان هەڵەبجە بە 46 پلە. لە پارێزگای دهۆک و ناوچەکانی زاخۆ، ئاکرێ و چەمچەماڵ گەرما دەگاتە 45 پلە، لە سلێمانی 43 پلە دەبێت. ناوچە شاخاوییەکانیش فێنکتر دەبن؛ پیرمام 41 پلە و حاجی ئۆمەرانیش 34 پلە تۆمار دەکەن.
سەبارەت بە کەشی سبەینێ، کەشناسی مژدەی کەمێک شکانەوەی گەرما دەدات. پێشبینی دەکرێت پلەکانی گەرما بە رێژەى 1 بۆ 2 پلە بەراورد بە ئەمڕۆ نزم ببنەوە.
سبەینێ ئاستی گەرما لە شارەکان کەمێک دادەبەزێت؛ گەرمیان 47 پلە، هەولێر و دهۆک و هەڵەبجە 45 پلە، زاخۆ و ئاکرێ و چەمچەماڵ 44 پلە، سلێمانی 42 پلە، پیرمام 41 پلە، و حاجی ئۆمەرانیش دەبێتە 33 پلەی سیلیزی.