هەر کەسێک کرێکاری بۆ بکات خەنی دەبێت
“پوور سەبریە” ژنە میهرەبان و دەست و دڵ کراوەکەی دۆڵی شاورێ هەمیشە دەبەخشێت
فەرمان مەلا حەسەن – رانیە
لە گوندێکی دۆڵی شاورێی سەر بە قەزای رانیە، پوور سەبریە دەستی بە نۆژەنکردنەوەی ئەو خانووە گڵەی کردووە، کە چەندین ساڵ ژیان و گوزەرانی تێدا بەڕێکردووە، کرێکارەکان کە کاری بۆ دەکەن وەکو پاشا وان، دەم نا دەمێک سێنییەک خواردن و میوە و خۆراکی جۆراوجۆریان بۆ دەهێنێتو چونکە دەڵێت “ماڵ بە بەخشین کەم نابێت و کریکاریش گوناهە”.
سەبریە خدر، خانمە میهرەبان و دەست و دڵ کراوەکەیە، بە 964 ی وت، وا خۆشحاڵ و ئاسوودە دەبێت کە هەموو سەری کاتژمێرێک خواردن و خواردنەوە بدات بە کرێکارەکان و ئێوارانیش جگە لە کرێ و هەقدەستی خۆیان پارەی زیادەشیان پێدەدات، چونکە دەڵێت “کرێکار ماندوو دەبێت و منیش دەمەوێت میهرەبان بم لەگەڵیان، با خەڵکیش چاو لە من بکات و رێز لە کرێکاران بگرێت”.
سەبریە پێشتر نان و ئیشی بۆ ماڵان کردووە لە پێناو دابینکردنی بژێوی منداڵە بێ باوکەکانی، “ئەوەی لەگەڵم باشبووە دڵم پێی خۆشبووە، ئەو کرێکارانەش وەک من، من رەزیلیم پێناکرێت و ماڵیش بە بەخشین کەم نەکات”.
وشیار ئیبراهیم کوڕی سەبریەش دەڵێت “ڤیدیۆی دایکم بڵاودەکەمەوە تاوەکو خەڵک چاو لە دایکم بکات و وەکو ئەو میهرەبان و دەستکراوە بن”.
پێداچوونەوە؛ فەرهاد حەسەن