ئاژانسی (مێهر): کارەبا لە بەشێکی زۆری هەرێمی کوردستان بڕا

هێرشە درۆنییەکەی سەر چیای ئەزمەڕ بەهۆی بوونی بارەگای گروپە جوداخوازەکان بوو

فەرهاد حەسەن

ئاژانسی (مێهر)ی ئێرانی بڵاویکردەوە، کە هێرشێکی درۆنی کراوەتە سەر چەند شوێنێک لە سنووری پارێزگای سلێمانی و هاوکات بەشێکی زۆری هەرێمی کوردستان بێ کارەبا بووە.

ئاژانسەکە دەڵێت، هێرشەکە درۆنی بووە بۆ سەر چیای ئەزمەڕ، کە “بارەگای گروپە جوداخوازەکان” ی لێبووە و هێرشەکە بووەتە هۆی کەوتنەوەی ئاگرێکی گەورە لە ناوچەکەدا.

ئاماژەی بەوەشکردووە، کە ئەم هێرشە دوای ئەوە دێت کە لە چەند رۆژی رابردوودا، سوپای پاسدارانی ئێران چەندین هێرشی کردە سەر شوێنی گروپە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران لە هەرێمی کوردستان، بە پاساوی وەڵامدانەوەی “جوڵەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل” لە ناوچەکەدا.

ئاژانسی (مێهر) دەشڵێت لەگەڵ هێرشە درۆنییەکە کە ئاڵۆزی ئەمنی دروست بوو، کارەبای نیشتمانیش لە بەشێکی زۆری پارێزگاکانی سلێمانی، هەولێر و دهۆک بڕاوە، دەشڵێت تائێستا بە تەواوی روون نییە کە ئایا بڕانی کارەباکە پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە هێرشەکانەوە هەیە یاخود بەهۆی کێشەیەکی تەکنیکی ترەوە بووە.