دهۆک
شۆفێرێکى تاکسى دوو رۆژە بە ئۆتۆمبێلەکەیەوە بێ سۆراغە
964+
شڤان عەبدوڵا
شۆفێرێکی تاکسی تەمەن 39 ساڵ، کە دانیشتووی سەنتەری پارێزگای دهۆکە، دوای ئەوەی دوو سەرنشین دەگوازێتەوە بۆ هەولێر، لە کاتی گەڕانەوەیدا بێسەروشوێن دەبێت و تا ئێستا چارەنووسی خۆی و ئۆتۆمبێلەکەی نادیارە.
رۆژی دووشەممەی رابردوو روویداوە. گەنجەکە بە ناوی (مێهڤان محەمەد)، پەیوەندی بە خێزانەکەیەوە کردووە و پێی راگەیاندوون کە دوو سەرنشینی لەگەڵدایە، یەکێکیان دەگەیەنێتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و ئەوی دیکەیان لەگەڵ خۆیدا دەگەڕێنێتەوە بۆ دهۆک.
لە دەوروبەری کاتژمێر 5:00ـی ئێوارە، مێهڤان بە ماڵەوەی وتووە کە لە رێگای گەڕانەوەدایە بۆ دهۆک، بەڵام دوای تێپەڕبوونی کاتژمێرێک کاتێک خێزانەکەی دووبارە پەیوەندی پێوە دەکەنەوە، مۆبایلەکەی داخراوە و لەو کاتەوە هیچ سۆراغێکی نییە.
بارزان حاجی، کە ژنبرای مێهڤانە، بە 964ی راگەیاند: “مێهڤان تەنیا کاری شۆفێری تاکسییە و گەنجێکی زۆر لەسەرخۆیە. بەپێی زانیارییەکانی ئێمە، هیچ جۆرە کێشەیەکی کۆمەڵایەتی، یان قەرزداریی نییە.” ئاماژەی بەوەشدا کە پۆلیسیان ئاگادار کردووەتەوە بۆ ئەوەی لە رێگەی کامێراکانی چاودێرییەوە بەدواداچوونی بۆ بکەن.
سەرچاوەیەک لە نووسینگەی نەهێشتنی تاوانی دهۆک بۆ 964 ئاشکرای کرد کە کەسوکاری ئەو شۆفێرە بانگهێشت کراون و پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ دۆسیەکە کراوەتەوە، لە ئێستاشدا لە رێگەی کامێراکانی چاودێرییەوە بەدواداچوونی ورد بۆ دۆزینەوەی دەکرێت.
کەسوکاری مێهڤان داوا لە هاووڵاتیان و دەزگا ئەمنییەکان دەکەن، هەر کەسێک زانیارییەکی لەسەر چارەنووسی یان شوێنی ئۆتۆمبێلەکەی هەیە، هاوکارییان بکات و پەیوەندی بەم ژمارە مۆبایلەوە بکات: 07504126500
پێداچوونەوە: وریا فەتاح