راهێنان بە فەرمانبەران دەکرێت
“هاتوو و دەرچوو”ی فەرمانگەکانی حکومەت دەبێتە ئەلیکترۆنی
فەرهاد حەسەن
فەرمانبەرانی بەشی “هاتوو و دەرچوو” لە تەواوی بەڕێوەبەرایەتی و فەرمانگە حکومییەکان لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێم خراونەتە خولێکی راهێنان بۆ بە ئەلیکترۆنیکردنی نووسراوە “هاتوو و دەرچوو”ەکان و باس لەوەشدەکرێت کە لە ئایندەیەکی نزیکدا پڕۆسەی بە ئەلیکترۆنیکردنەکە دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی، خانەخوێی ئەو خولەی راهێنانە بۆ فەرمانبەران و لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەئەلیکترۆنیکردنی دامەزراوە حکومییەکان و بە مەبەستی راهێنانی فەرمانبەران لەسەر سیستەمی نوێی “هاتوو و دەرچوو”، خولێکی راهێنانی کرداریان لە بەڕێوەبەرایەتی راهێنانی راهێنەران لە شارى هەولێر دەستپێکردووە.
لە خولەکەدا، فەرمانبەرانی بەشەکانی “هاتوو و دەرچوو” و لێپرسراوى (IT)ی سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەکان لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان بەشدارن.
بەڕێوەبەرایەتیەکە دەڵێت، ئەم پڕۆژەیە کە لەلایەن رێکخراوی کاری نێودەوڵەتی (ILO) پشتگیری دەکرێت و وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی و بەڕێوەبەرایەتی گشتی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتیش سەرپەرشتی و جێبەجێی دەکات.
ئاماژە بەوەکراوە، کە ئامانجی سەرەکی گۆڕینی سیستەمی “هاتوو و دەرچوو” بۆ شێوازی ئەلیکترۆنیی هاوچەرخ، دەبێتە هۆى خێراکردنى مامەڵەى هاوڵاتیان لەنێوان بەڕێوەبەرایەتیی گشتی و بەڕێوەبەرایەتییەکانمان لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان.