دادگای فیدراڵی عێراق چیتر رێگر نییە لە ناردنی 400 ملیار دینارەکە

964+

فەهمی نەبی

دادگای باڵای فیدڕاڵی، ئەمڕۆ چوارشەممە سکاڵایەکی مستەفا جەبار سەنەدی رەتکردۆتەوە سەبارەت بە ناردنی ئەو 400 ملیارەی حکومەتی عێراق بۆ هەرێمی کوردستانی نارد.

بەپێی بڕیارێک کە ئەمڕۆ 22.3.2023 دەرچووە و واژۆی جاسم محەمەد عەبود سەرۆکی دادگای فیدڕاڵی لەسەرە، ئاماژە بە رەتکردنەوەی ئەو داوایە دەکات کە ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەران بەناوی مستەفا سەنەد تۆماری کردبوو.

هەر ئەو رۆژەی حکومەتی عیراق بڕیاری ناردنی 400 ملیارەکەی دا، ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەران، سکاڵایەی تۆمارکرد.

بە گوێرەی بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی کە کۆپیەکی دەست 964 کەوتووە، لە بڕگەی دووەمی بڕیارەکە ئەوە هاتووە “ناردنی ئەو پارەیە بەپێی بڕیاری ژمارە 333ی ساڵی 2023 بووە کە بەشێوەی قەرز لە بانگی بازرگانی بۆ حکومەتی هەرێم چووە”.
هەروەها ئەوەش هاتووە کە ناردنی ئەو بڕە پارەیە پێچەوانەی یاسا نییە.

پێشووتر لە 25.1.2023 لەسەر سکاڵایەکی مستەفا سەنەد دادگای باڵای فیدراڵی بڕیاری ناردنی 400 ملیار دیناری بۆ هەرێمی کوردستان راگرت، بەڵام رۆژی 13ی ئادار وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند کە بڕی 400 ملیار دینار خراوەتە سەر هەژماری وەزارەتەکەیان.

بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی

بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی