نەورۆزی رابردوو 11 منداڵ بەو هۆکارە لەدایک بوون

هیچ منداڵێکی نابەکام بەهۆی چوونەدەرەوەی نەورۆزەوە لەدایک نەبووە

964+

پێشەوا محەمەد – سلێمانی

لە ماوەی 48 کاتژمێری رابردوودا شەش منداڵی نابەکام لە شاری سلێمانی لەدایک بوون، بەڵام هیچیان پەیوەندییان بە چوونەدەرەوەی دایکیانەوە نەبووە لە نەورۆزدا.

منداڵی نابەکام بەو منداڵانە دەوترێت، کە بەهۆکارێکی دەرەکی، بەرکەوتن یان خۆعەزێتدانی دایکەکە بەر لە وادەی سروشتیی خۆیان لەدایک دەبن.

بە پێی ئاماری نەخۆشخانەی فێرکاریی د.جەمال ئەحمەد رەشیدی منداڵان، نەورۆزی ساڵی رابردوو لە شاری سلێمانی 11 منداڵ بەهۆی چوونەدەرەوەی دایکان و خۆعەزێتدانیان بە نابەکامی لەدایک بووبوون.

د.پشدەر عەبدوڵا، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی فێرکاریی د.جەمال ئەحمەد رەشیدی منداڵان لە شاری سلێمانی بە تۆڕی 964ـی راگەیاند: ئەمساڵ کەشی رۆژی نەورۆز باران بوو و هاوڵاتیان کەمتر چووبوونە دەرەوە.

دەشڵێت؛ هیچ منداڵێکی نابەکام بەهۆکاری چوونەدەرەوەی دایکان بۆ گەشت و سەیران تۆمار نەکراوە.