پەرلەمانتارێکی کورد دەڵێت؛ کێشەکەمان چارەسەر کرد
“جوتیارانی کەرکوک و داقوق دەتوانن گەنمەکانیان رادەستی سایلۆی عەبادات بکەن”
فەرهاد حەسەن
پەرلەمانتارێکی کورد کەل بەغدا دەڵێت کێشەی جوتیارانی کەرکوک و داقوق بۆ وەرگرتنی گەنم چارەسەر کردووە و ئەمەشی وەکو مژدەیەک بۆ ئەو جوتریارانەی بڵاوکردووەتەوە.
دیلان غەفور، پەرلەمانتاری کورد لە بەغدا لە فەیسبووکەکەی بڵاویکردوەتەوە، دوای ئەوەی ناڕەزایی جوتیارانی کەرکوک و داقوقمان پێگەیشت کە پێیان گوترابوو لە سایلۆی عەبادات گەنمەکانیان وەرناگیرێت و دەبێت بیبەنە دوزخورماتوو، پەیوەندیان بە (حەیدەر گەرعاوی) بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای دانەوێڵەی عێراق کردووە و بڕیاری چارەسەری ئەو کێشەیە دراو گەنمی جوتیاران لە سایلۆی عەبادات وەردەگیرێت.
دەشڵێت “جوتیارانی کەرکوک ئاگادار دەکەینەوە ئەوانەی زەوییەکانیان کێشەی هەیەو لە دەرەوەی نەخشەیە، لە هەفتەی داهاتووەوە گەنمەکانیان لێ وەردەگیرێت و بۆ ئەمساڵ 500 هەزار تۆن گەنمی دەرەوەی نەخشە لە کەرکوک وەردەگیرێت”.
رۆژی 8.6.2026 جوتیارانی کەرکوک، بە کورد و تورکمان وعەرەب لەبەردەم بینای پارێزگای کەرکوک گردبونەوە و مۆڵەتی دوو رۆژیان دایە ئیدارەی شارەکە بۆ جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان چونکە وتبوویان جیاکارییەکی زۆر لەنێوان جوتیارانی ناوچەکان دەکرێت بەهۆیەوە ئەوان زەرەرمەندن.
ئەوان داواکار بوون نرخی وەرگرتنی گەنم هاوتابکرێت نەک ئەوانەی لەناو پلانی کشتوکاڵین تۆنی بە 700 هەزار و ئەوانیش کە لەناو پلانەکە نین بە 200 هەزار دینار کەمتر لێیان وەردەگیرێت و کێشەیەکی زۆریشیان لەگەڵ بازگەکان هەیە.
لایخۆشییەوە، عەبدوڵا میروەیس سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بە 964ـی وت، داواکاریەکانیان مافی رەوای خۆیانە چارەسەرنەکردنی ئەو کێشانە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە بڕیارەکانی حزبی بەعس دوای هەڵوەشاندنەوەی لە لایەن پەرلەمانی عێراقیە تاکو ئێستا جێبەجێ ناکرێت.
وتیشی “ئێمە پاڵپشت داواکارییەکانیان دەکەین چونکە ئەوە مافی جوتیاران خۆیانە”.