چوار کەس گیانیان لەدەستداوە و چواری دیکەش برینداربوون
لە 45 رۆژدا دوو ئۆتۆمبێل لەسەر رێگای هامڵتۆن کەوتوونەتە ناو رووبار
ئاکام غەفوور – سۆران
لە 45 رۆژدا دوو ئۆتۆمبێل لەسەر رێگای هامڵتۆن لە دەڤەری سۆران کەوتوونەتە ناو رووباری قەراغ جادەکە و بەهۆیانەوە چوار کەس گیانیان لەدەستداوە و چوار کەسی دیکەش برینداربوون.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە 13.6.2026 لەسەر رێگای هامڵتۆن و نزیک گوندی رەزان بارهەڵگرێک بە سێ سەرنشینەوە لەرێگا لایدا و کەوتەناو رووبار، دوو لە سەرنشینەکان بەبرینداری رزگار کران و یەکێکیان گیانی لەدەستدا کە شۆفێری بارهەڵگرەکە بوو.
ئێوارەی رۆژی هەینیش 1.5.2026 لەسەر رێگای کانی ماران لە سۆران، خێزانێک لەکاتی گەڕانەوە لە سەیران کە ژن و پیاوێک و سێ منداڵ بوون، بە ئۆتۆمبێلەکەیانەوە کەوتنەناو رووباری گەلی عەلی بەگ، ژن و پیاوەکە رزگاریان بوو بەڵام سێ منداڵەکە گیانیان لەدەستدا و دوای ماوەیەکی زۆر تەرمەکانیان دۆزرانەوە.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری