"مرۆڤایەتی تەنیا بە لێبوردەییەوە جوانە"

لە سۆرانەوە بۆ جەژن؛ زۆرینە گەردنی یەکتر ئازاد دەکەن

ئاکام غەفور- سۆران

بەبۆنەی نزیکبوونەوەی رۆژانی جەژن و زیندووکردنەوەی نەریتی گەردەنئازادی، 964 لە ئیدارەى سۆران مایکی خستووەتە بەردەم هاوڵاتیان و پرسیارێکی سادەى لێکردوون “جەژن دێت، کەس هەیە گەردنت ئازاد نەکردبێت و بتەوێت ئێستا گەردنی ئازاد بکەیت؟”

وەڵامی ئەو هاوڵاتیانەى سۆران کە قسەیان بۆ مایکى 964 کردووە جۆراوجۆر و سەرنجڕاکێشن، بەڵام خاڵی هاوبەشی زۆرینەیان جەختکردنەوەیە لەسەر ئەوەی کە دەبێت لێبوردەیی و گەردەن ئازادی لە سەرووی هەموو شتێکەوە بێت.

لەناو دیمانەکاندا، هەست بە گەورەیی ناخی بەشێک لە هاوڵاتیان دەکرێت، یەکێکیان سەرەڕای ئەوەی دانی پێدا دەنێت کە غەدری لێکراوە، بەڵام بڕیاریداوە قین لە دڵ نەگرێت و بە سنگفراوانییەوە دەڵێت: “هەر لێیان دەبورم”.

هاوڵاتییەکی دیکە بە تێڕوانینێکی جوانەوە باسی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان دەکات و پێی وایە، “مرۆڤایەتی تەنیا بە لێبوردەییەوە جوانە”. لە لایەکی دیکەشەوە، کەسێکی تر دەپرسێت: “مرۆڤ هەڵە دەکات و خودای گەورە لێی دەبورێت، ئەی بۆچی ئێمەی بەندە لێبوردە نەبین؟”.

لەپاڵ ئەمانەشدا کەسانێک هەن کە ئازاری ئەو غەدرەی لێیان کراوە هێندە قووڵە، بە ئاسانی ناتوانن پەڕەیەکی نوێ هەڵبدەنەوە و دڵیان هێشتا پاک نەبووەتەوە. یەکێک لەو کەسانەی کە قسەی بۆ پەیامنێری 964 کردووە، بە دەربڕینێکی توند و جیاوازەوە رەتیدەکاتەوە لێخۆشبوون ببەخشێت و دەڵێت: “ئەو کەسە بشفڕێت، گەردنی ئازاد ناکەم”.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح