تڕەمپ: چین و روسیا بەڵێنیان پێداوم چەک بۆ ئێران نەنێرن

964+

پەری ساڵح

دۆناڵد تڕەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هۆشدارییەکی توند ئاراستەی چین و روسیا دەکات لە بەرامبەر هەر هاوکارییەکی سەربازی بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران و رایدەگەیەنێت، دابینکردنی چەک بۆ تاران دەرئەنجامی زۆر خراپی بۆ هەردوو وڵات دەبێت.

لە لێدوانێکدا سەبارەت بە پەیوەندییە سەربازییەکانی نێوان تاران و وڵاتانی هاوپەیمانی، تڕەمپ ئاشکرای کرد کە لەگەڵ هەردوو سەرۆکی چین و روسیا گفتوگۆی کردووە؛ “سەرۆکی چین لە دوایین کۆبوونەوەماندا بە ڕوونی پێی وتم کە ژێر هیچ بارودۆخێکدا چەک بە ئێران نادات و نافرۆشێت، منیش بە تەواوی بڕوام بە قسەکانی هەبوو.

سەبارەت بە هەڵوێستی موسکۆ، سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد: “سەرۆک بوتینیش بە هەمان شێوە ئاگاداری کردوومەتەوە کە چەک بە ئێران نافرۆشێت، ئەو تێدەگات کە منیش چەک بە شێوەی راستەوخۆ بە ئۆکرانیا نافرۆشم، بەڵکو تەنیا رادەستی وڵاتانی ناتۆی دەکەم.”

لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، دۆناڵد تڕەمپ جەختی کردەوە بەپێی ئەو زانیاری و هەڵسەنگاندنانەی لە بەردەستدان، لە ئێستادا نه رووسیا و نه چین بەشدار نین لە فرۆشتن و گەیاندنی چەک بە کۆماری ئیسلامیی ئێران.