دیمەنێک لە تارانی پایتەختی ئێران – وێنە؛ میدیا خۆجێیەکانی ئێران
مەسعود پزیشکیان دانی پێدا دەنێ
لێکەوتەکان چی بوون؟.. گەمارۆی ئابووری و گرانی زیاتر لە ئێران
ئەحمەد مستەفا
گەمارۆ ئابوورییەکانی ئەمریکا کاریگەرییەکی قورسیان لەسەر کەمکردنەوەی قەبارەی بازرگانی و داهاتی ئێران دروست کردووە، بە تایبەتی لە کەرتی هەناردەکردنی نەوت و مامەڵە داراییە نێودەوڵەتییەکاندا.
سەپاندنی سزاکان بووەتە هۆی ئەوەی ئێران نەتوانێت بە ئاسانی لەگەڵ بازاڕەکانی جیهاندا ئاڵوگۆڕ بکات، بە شێوەیەک کە قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی ئەو وڵاتەی تا رێژەی 35% کەم کردووەتەوە.
مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ میدیای وڵاتەکەی دانی بەوەدا نا کە گەمارۆکانی ئەمریکا زیانی قورسیان بە ئابووریی ئێران گەیاندووە و ئاشکرای کرد کە ئاستی هاوردەکردن و هەناردەکردنی وڵاتەکەی بە رێژەی 25% تا 35% کەمی کردووە.
پزیشکیان ڕەخنەی لەو کەسانە گرت کە کاریگەریی گەمارۆکان بەکەم سەیر دەکەن و وتی، ئێران لە “دۆخی جەنگدا” دەژی، لەگەڵ ئەوەشدا رایگەیاند، بەهۆی گەمارۆ دەریایییەکان و ئاستەنگییەکانی هاوردەکردنی بەنزین لە بەندرەکانەوە، تاران ناچار دەبێت نرخەکانی بەنزین لە پێنج هەزار تومەنەوە بۆ 10 هەزار تومان بەرز بکاتەوە.
کاریگەرییەکانی کەمبوونەوەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و دەرکەوتنی لە ناوخۆی وڵاتەکە؛
دابەزینی داهاتی نەوت: بلۆککردنی هەناردەی نەوت، سەرچاوەی سەرەکی دەستکەوتنی دراوی بیانی ئێرانی وشک کردووە.
کێشەی گواستنەوەی پارە: بڕینی پەیوەندی بانکەکانی ئێران لە سیستەمی جیهانی (سوویفت) ئاڵوگۆڕی بازرگانی قورس کردووە.
بەرزبوونەوەی تێچووی هاوردەکردن: بازرگانانی ئێرانی ناچارن بۆ کڕینی کاڵا بنەڕەتییەکان رێگای ناڕاستەوخۆ و گرانبەها بەکاربهێنن.
داڕمانی بەهای تمەن: کەمبوونی دراوی بیانی لە بازاڕدا بووەتە هۆی دابەزینی مێژوویی بەهای دراوی نیشتمانی ئێران.
هەڵاوسانی بەرز: کەمبوونەوەی کاڵا هاوردەکراوەکان و گرانی تێچووەکان، نرخی پێداویستییەکانی ناوخۆی بە شێوەیەکی خێرا بەرزکردووەتەووە.