بۆ قەڵاچۆکردنی مێش و مەگەزە

ئیدارەی سۆران دەستی بە رشاندنی کۆڵان و گەڕەک و زبڵخانەکان کرد

فەرهاد حەسەن

لە ئیدارەی سۆران بەرێوەبەرایەتی خۆپاراستنی تەندروستی هەڵمەتێکی رشاندنی کۆڵان و گەڕەک و زبلخانەکانەکانی دەستیپێکرد بۆ قەڵاچۆکردنی ئەو مێش و مەگەز و مێشوولانەی لەو شوێنانە بلاوبوونەتەوە.

هەڵمەتەکە، لەژێر چاودێری بەرێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سۆران بەڕێوەدەچێت، بەمەبەستی پاراستنی تەندروستی هاونیشتیمانیان، کە ئەو مێش و مەگەزانە هۆکارێکی سەرەکین بۆ گواستنەوەی چەندین نەخۆشیی گوازراوە.

تیمەکانی هۆبەی نەخۆشییە گوازراوەکان هەڵمەتەکەیان بە فراوانی بۆ رشاندنی  زبڵخانەکان و گەڕەک، کۆڵان و شوێنە گشتییەکانی  ئیدارەکە دەستپێکردووە.

مەبەستێکی دیکەی هەڵمەتەکە بریتییە لە بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشییە گوازراوەکان لەناو کۆمەڵگەدا و دابینکردنی ژینگەیەکی تەندروست و پاراستنی سەلامەتی هاوڵاتیان بەهاوکاری و هەماهەنگی لایەنە پەیوەندیدارەکان.

داوا لە هاوڵاتیان کراوە، بەرەچاکردنی  ئەم رێنماییانەی خوارەوە، هاوکاری تیمەکان بکەن بۆ سەرکەوتنی ئەم هەڵمەتە و بەدەستهێنانی باشترین ئەنجام:

– پاشماوە و خۆڵ و خاشاک لە شوێنی تایبەتدا دابنێن و سەری کیسەی خۆڵەکان بە توندی دابخەن.

– رێگری بکەن لە کۆبوونەوەی ئاوی مەیو لە نزیک ماڵەکانتان، چونکە دەبێتە هۆی زاوزێی مێشوولە.

– لەکاتی تێپەڕبوونی تیمەکانی رشاندن، هاوکاریان بن و رێگەیان بۆ ئاسان بکەن.