دیمەنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی _ وێنە: بۆ 964 نێردراوە
چی بە بازرگانان وتراوە؟
داوا لە حکومەتی عێراق کرا رسوماتی گومرگی لەسەر هەندێک کاڵا هەڵبگرێت
ئەحمەد مستەفا
داوا لە حکومەتی عێراق کرا، رسوماتی گومرگی لەسەر هەندێک کاڵا هەڵبگرێت، ئەوەش بە ئامانجی ئاسانکاری بۆ بازرگانان و دابینکردنی پێداویستییەکانی بازاڕ بە نرخێکی گونجاو، لە کاتێکدا گۆڕانکاریی نرخی دۆلار کاریگەری لەسەر بازاڕ و بژێوی هاوڵاتییان دروست دەکات.
ئەمڕۆ دووشەممە، وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان لەگەڵ نوێنەرانی بازرگانان کۆبووەوە و دۆخی بازاڕ، ئاسانکاریی گومرگی و رێگاکانی کەمکردنەوەی فشارە ئابوورییەکان لەسەر هاوڵاتییان تاوتوێ کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا، رەسووڵ حاجی عومەر، سەرۆکی لقی هەولێری هاوردە و ناردنکاران، جەختی لەسەر پێویستیی لەبەرچاوگرتنی دۆخی ئابووریی هاووڵاتییان لە دیاریکردنی نرخەکان کردەوە.
وەک یەکێتی هاوردە و ناردنکاران ئەمڕۆ دووشەممە 12.10.2026 باسی کردووە، داوا لە بازرگانان کراوە لە بەرزکردنەوەی نادروستی نرخەکان خۆیان بپارێزن، هەروەها، نوێنەرانی بازرگانان گرفتەکانی خۆیان خستەڕوو بۆ دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو.