لە قامیشلۆیە و دەڵێ: کارەکەم بەردەوامی شۆڕشی کوردییە
هەرچی جلی کوردی دانسقە هەیە لە دوکانەکەی دەست دەکەوێ
گەرناس مەعۆ – قامیشلۆ
کاسبکارێکی شاری قامیشلۆ لە رۆژئاوای کوردستان دوکانێکی تایبەت بە جلوبەرگی کوردی کردووەتەوە و هەرچی جلی دانسقە هەیە، لای دەست دەکەوێ.
لوقمان میرزا عاشقی جلی کوردیییە و بە 964ـی وت، “کارەکەم بەردەوامی شۆڕشی کوردییە، ئەمەش بۆ یەکەم جارە پێشانگایەکی لەو شێوەیە لە هەموو رۆژئاوای کوردستان و سوریا دەکرێتەوە”.
ئەو کاسبکارە هەستێکی کوردانەی جوانی هەیە، جامەدانەیەکی بەدەستەوە گرتووە و دەڵێت، “بەڕای من ئەمە تاج و ناسنامەی کوردانە”، بە کردنەوەی دوکانەکەشی هەم دەیهەوێ کەسابەت بکات، هەمیش کەلتووری رەسەنی کوردەواری بەزیندوویی بهێڵێتەوە.
مام لوقمان وەک خۆی دەڵێت، بەرگدوورە بەئەزموونەکانی هەولێر و سلێمانی جلەکانی بۆ دەدوورن و لە سنوور باج و گومرگێکی زۆر دەدات تا بەدەستی دەگات.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری