300 پارچە دەبێت

مام خالید؛ ئەو پیاوە تاقانەیەی کەرەستە مێژووییەکانی بۆگدی پاراستووە

عەزیز عەبدوڵا – بۆگد

لەناو خانووە قوڕ و دێرینەکانی گوندی بۆگد لە سنووری قەزای کۆیە، ماوەی سێ دەیەیە مام خالید سەرقاڵی کۆکردنەوە و پاراستنی ئەو کەرەستە کۆنانەیە کە لە ژیانی رۆژانەیدا بەکاریهێناون.

خالید سابیر بە 964ـی وت، “خاکەکەی خۆمم زۆر لەلا شیرینە، ماوەی 30 ساڵی رێکە سەرقاڵی کۆکردنەوەی ئەم کەرەستانەم، بەشێکی زۆریان ئەوانەن کە لە سەردەمی کۆندا لەژیانی رۆژانەی خۆماندا بەکارمان هێناون، ئێستا لە خانووە گڵەکەمدا پاراستوومن.

لەبەرئەوەی برادەر و دۆستەکانی دەزانن سەرقاڵی ئەم کارەیە، کەرەستەی کۆن و بەکارهاتووی بۆ دەهێنن بەدیاری، دەزانن لای ئەو پارێزراوە و نافەوتێت، بەنزیکەی 300 پارچە دەبێت.

ئەو دەڵێ، لەگوندەکەم دا من یەکەم کەسم کە بەم شێوازە کۆمکردوونەتەوە ئێستا وەک رەمزێک بووەتە ناسینەوەی من لە گوندەکەدا، مەبەستمە بۆ نەوەکانی دواڕۆژ ئاشنابن بەم کەرەستە کۆنانە، تا بزانن ئێمە چیمان لە ژیانی رۆژانەمان بەکارهێناوە و چۆن توانیومانە بژێوی رۆژانەی خۆمان دابین بکەین.

لە گوندی بۆگد، سەردەمانی رابردوو زیاتر لە 200 ماڵی تێدابووە، بەڵام ئێستا بەهۆی خزمەت نەکردنی پێویستەوە نزیکەی 40 ماڵی تێدا نیشتەجێیە و نیوەشیان لە خانووی گڵدا دەژین و نوێیان نەکردووەتەوە.

گوندی بۆگد دەکەوێتە سنوری ناحیەی ئاشتی لە قەزای کۆیە، کاتێک دەچیتە ناوی هەست دەکەیت و دەبینی هێشتا سیمای کۆن و کەلەپووری خۆی لەدەست نەداوە.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا