جەلال محەمەد پیاوی دوکانەکە

لە دۆڵەچەوتەوە بۆ باریکە؛ تەمەنێک لە کۆچ و خۆڕاگری

بڕوا مەجید – پێنجوێن

جەلال قادر محەمەد پیاوێکی دنیادیدەی تەمەن 76 ساڵە کە هێڵەکانی سەر دەموچاوی مێژوویەکی پڕ لە کۆچ و سەختی دەگێڕنەوە، ئێستا بە کەسابەتێکی حەڵاڵ دووکانەکەی بووە بە ئایکۆنێکی دیاری کۆمەڵگەی باریکە.

ئەم پیاوە کە خەڵکی گوندی “دۆڵەچەوت”ـە لە سنووری پێنجوێن، لە ساڵی 1970 و لە گەرمەی شەپۆلی راگواستنی زۆرەملێی گوندەکاندا، بۆ یەکەمجار تامی تاڵاوی دەربەدەری چێشت و لە زێدی باووباپیرانی دەرکرا، وێستگەی یەکەمی ئاوارەیی کاک جەلال و خێزانەکەی شاری سەیدسادق بوو،.

بەڵام چەرخی زەمان لە ساڵی 1988دا جارێکی تر کۆچی پێکردنەوە و ئەمجارە لە کۆمەڵگەی باریکەی سەر بە ناحیەی عەربەت نیشتەجێ بوون، لەو کاتەوە، جەلال لە بازاڕی کۆمەڵگەکەدا دوکانێکی بچووکی دانا، ژوورێک کە بووە لانکەی زیاتر لە نیو سەدە لە تەمەن و کاسبیی حەڵاڵی و ئێستا وەک بەشێک لە ناسنامەی بازاڕەکە سەیر دەکرێت، هەرچەندە بازاڕەکە بەشێک لەدوکانەکانی وەک خۆی ماوە، بەڵام ئەودوکانانەی ئاوەدانن لەپەنجەی دەست تێپەڕناکەن.

بەڵام ئەوەی کارەکەی کاک جەلال لەم تەمەنەدا ناوازە دەکات، توانای گونجانیەتی لەگەڵ پێداویستییەکانی خەڵک و سەردەمەکەدا، ئەو لە پاڵ فرۆشتنی کەلوپەلەکانیدا، کارێکی تر دەکات ئاسن، فافۆن و قتووی بەتاڵ لە منداڵان و خەڵکی ناوچەکە دەکڕێتەوە،لەسەر ئەو تەرازووە شینە کۆنەی ناو دووکانەکەی، کێشی ئاسن و فافۆنەکان دەپێوێت و لەبەرامبەردا، یان پارەی نەقدیان پێدەدات یان بە کاڵا و شیرینییەکانی ناو دووکانەکەی بۆیان دەگۆڕێتەوە.

پێداچوونەوە: توانا نەقی