سۆپای دار خەریکە دارودرەختی خەلیفان دەخوات

میدیازان – ئاسۆ وەرتێی – سۆران

خەلیفان و دەوروبەری زستانەکەی ئەوەندە ساردو نسرمە سۆپای نەوت و غاز بەکەڵکی نایەت، بۆیە خەڵکەکەی پەنا بۆ سۆپا گەرم و گوڕەکەی دار دەبەن.

لەناو شارۆچکەی خەلیفان چەند وەستایەکی دروستکردنی سۆپای دار هەن، بەهۆی نزیکبوونەوەی زستان خەڵکی لەو دوکانانە کۆبوونەتەوەو سەوداو مامەڵەی کڕینی سۆپای دار دەکەن.

وەستا محەمەد سدیق، هەموو رۆژێ تەقە تەقی ناو دوکانەکەی ناوەستێت بۆ تەواوکردنی کاری ئەو خزم و ناسیاوانەی سۆپایان بەرادان داوە، دەڵێ ‘بۆ ناوچەی ئێمه سۆپای دار پێویستە، چونکە ناوچەیەکی شاخاویە، خەڵک حەزیان لێیەتی، هەم ماڵەکەیان گەرم دەکات و هەم چای لەسەر لێدەنێن.

سۆپا ناوخۆییەکان لەئەلەمنیۆم دروست دەکرێن و خواستی زۆریان لەسەرە، لەبازاڕدا سۆپای ئێرانی لەفافۆن دروستکراویش هەیە کە خەڵک کەمتر دەیانکڕن.

بەراورد بەپار ئەمساڵ نەوت گران بووە، بۆیە خواست لەسەر سۆپای دار زیادی کردووە، پار ئەم کاتانە نرخی بەرمیلێک نەوتی سپی ١٦٠ هەزار دینار بوو، ئەمساڵ چووەتە سەروو ٢٨٠ هەزار دینار.

شەوقی حەمەدەمین لەشارۆچکەی خەلیفان دوکاندارەو رۆژ نییە چەند سۆپایەکی دار ساغ نەکاتەوە، شەوقی دەڵێ ‘لەخەلیفان هیچ ساڵێک وەک و ئەمساڵ نییە، ئێستا بەوپایزە سۆپا بەرناکەوت’.

لەئێستاوە خەڵکی گوندەکانی دەوروبەری خەلیفان دەستیان کردووە بەگەرمکردنی سۆپاکان، خەڵکیش لەخەلیفان و سۆران و چۆمان و باڵەکایەتی دەیکڕن و بۆ رۆژانی داهاتوو سازی دەکەن.

سۆپای دار ئەوانەی لەناوخۆ دروست دەکرێن جۆری جیاوازی هەن، نرخەکان لە ٦٠ هەزار دینارەوە دەست پێدەکات و هەیانە دەگاتە ٢٥٠ هەزار دینارو ئەو کەرەستەیەی بۆ دروستکردنی بەکاردێت ئەلەمنیۆمە.

بەپێی یاسا داربڕینەوە قەدەغەیەو سزای پێبژاردن و دەستگیردنی لەسەرە، بەڵام خەڵکی بەقاچاخ دارودرەختی ئەو ناوە دەبڕنەوەو بۆ ئاگرکردنەوەو گڕدانی سۆپاکان بەکاری دەهێنن، چەند جارێکیش بەرپرسانی ئەو ناوچانە هۆشیارییان داوە کە ئەگەر چارەی دابەشکردنی نەوتی سپی نەکرێت، ئەوا سامانی دار زیانێکی گەورەی بەردەکەوێت.