لە تاشکەندی پایتەخت
کۆڕبەندی ئابووری هاوبەشی هەرێمی کوردستان و ئۆزبەکستان دەستیپێکرد
فەرهاد حەسەن
ماوەی چەند رۆژێکە شاندێکی باڵای بازرگانانی هەرێمی کوردستان لە ولاتی ئۆزبەکستانن و چەندین دیدارو چالاکی جۆراوجۆرایان ئەنجامداوە و ئەمڕۆ دەستیان بە کارەکانی کۆڕبەندی ئابووری نێوان هاوبەشی هەرێمی کوردستان و ئەو وڵاتە کردووە.
بەپێی راگەیەندراوێکی یەکێتیی ژوورە بازرگانی و پیشەسازییەکانی هەرێمی کوردستان، لە دەستپێکی کۆڕبەندەکەدا داڤڕۆن ڤاخابۆڤ، سەرۆکی یەکێتیی ژوورە بازرگانی و پیشەسازییەکانی ئۆزبەکستان، ئامادەییی تەواوی وڵاتەکەی بۆ هەماهەنگیی ئابووری و پشتگیریکردنی پرۆژە هاوبەشەکان دووپاتکردەوە.
گەیلان حاجی سەعید، سەرۆکی یەکێتیی ژوورە بازرگانی و پیشەسازییەکانی هەرێمی کوردستانیش، جەختی لەسەر خواستی هەرێمی کوردستان بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییە ئابوورییەکان کردەوە و ئاماژەی بە ژینگەی لەباری وەبەرهێنان لە هەرێم و ئامادەییی کۆمپانیا بیانییەکان لە کوردستان کرد.
ئەم کۆڕبەندە کە بۆ ماوەی دوو رۆژ بەردەوام دەبێت، چەندین دیداری راستەوخۆی (B2B) لەنێوان کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستان و ئۆزبەکستان لەخۆ دەگرێت، بە ئامانجی دروستکردنی هاوبەشیی ستراتیژی و ئەنجامدانی گرێبەستی نوێی بازرگانی لە سێکتەرە جیاوازەکاندا.