ئاگر بەرز بووەوە

لە شەقامی 100 مەتریی سلێمانی تانکەرێکی سووتەمەنی وەرگەڕا و گڕی گرت


دیلان محەمەد- سلێمانى

کاتژمیر 3:15 خولەکى ئەمڕۆ شەممە، لە سەرەتای دەستپێكی شەقامی 100 مەتریی شاری سلێمانی و بە ئاراستەی ناو شار، تانکەرێکی هەڵگری سووتەمەنی کۆنتڕۆڵی لەدەستدا و وەرگەڕا، بەهۆیەوە ئاگرێکی گەورە لە شوێنی ڕووداوەکە کەوتەوە.
دوای وەرگەڕانی تانکەرەکە ئاگرێکی زۆر بەرز و گەورە دروستبووە، ئەمەش بووە هۆی دروستبوونی ئاستەنگی هاتوچۆ بۆ شۆفێران لەو شەقامەدا بۆ ماوەیەک. دواتر تیمەکانی بەرگریی شارستانی گەیشتنە شوێنی رووداوەکە و توانییان ئاگرەکە بەتەواوی کۆنتڕۆڵ بکەن.
رووداوەکە زیانى گیانى لێنەکەوتووەتەوە، تەنیا شۆفێری تانکەرەکە بە سووکی بریندار بووە، هەروەها هیچ ئۆتۆمبێلێکی دیکەی سەر شەقامەکە بەهۆی ڕووداوەکەوە زیانی پێنەگەیشتووە.
سەبارەت بە هۆکاری رووداوەکە، بەرپرسانی پۆلیسی هاتوچۆ ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە بەهۆی “تیژڕۆییەوە” شۆفێرەکە کۆنتڕۆڵی ئۆتۆمبێلەکەی لەدەستداوە و بووەتە هۆی وەرگەڕانی تانکەرەکە.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح