کێڵگەی غازی کۆرمۆر لە ناحیەی قادرکەرەم – وێنە؛ ئەرشیف
"1400 مێگاوتمان دەبڕێت"
وەستانی کێڵگەی غازی کۆرمۆر کارەبای عێراقیش کەم دەکاتەوە
شۆڕش قادری
راوەستانی بەرهەمێنانی غاز لە کۆرمۆر، هەر کارەبای کوردستان کەم ناکاتەوە، وەزعەکە ئاوا بەردەوام بێت، عێراقیش 1400 مێگاوات کارەبا لەدەست دەدات.
لەبەر بوونى هەڕەشەى باوەڕپێکراو هەموو دامەزراوە سەرەکییەکانى بەرهەمهێنانى غازى کۆرمۆر بەشێوەیەکى کاتى داخراون
ئەمڕۆ وتەبێژى کۆمپانیاى دانە گاز رایگەیاند، لەبەر بوونى هەڕەشەى باوەڕپێکراو لەسەر ئاسایش و توندبوونەوەى دۆخى ناوچەکە، هەموو دامەزراوە سەرەکییەکانى بەرهەمهێنانى غازى کۆرمۆر، بەشێوەیەکى کاتى داخراون.
دواتر وەزارتی کارەبای هەرێم رایگەیاند، بەهۆی گرفتێکی ئەمنی له کێڵگەی کۆرمۆر، هەناردەی غاز بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا کەمبووەتەوە، بەمەش بەرهەمهێنانی کارەبا بەبڕی 2500 مێگاوات کەمی کردووە.
وەستانی بەرهەمهێنانی غاز لە کێڵگەی کۆرمۆر بەردەوام بێت، 1400 مێگاوات لە تۆڕی کارەبای نیشتمانی کەم دەبێتەوە
کەمێک پێش ئێستاش، وەزارەت کارەبای عێراق لە ئاگادارییەکدا بڵاویکردەوە، ئەگەر وەستانی بەرهەمهێنانی غاز لە کێڵگەی غازی کۆرمۆر بەردەوام بێت، 1400 مێگاوات لە تۆڕی کارەبای نیشتمانی کەم دەبێتەوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، هەموو رێکارە تەکنیکییەکانیان گرتووەتەبەر و پلانی بەپەلەیان هەیە بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی کەمیی بەرهەمهێنانی پێشبینیکراو و پاراستنی سەقامگیری سیستمی کارەبا.
وەزارەتی کارەبای عێراق بەردەوامە لە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ چاودێریکردنی پێشهاتەکان و دڵنیابوون لە گەڕانەوەی یەکەکانی بەرهەمهێنان بۆ توانای کارکردنی ئاسایی خۆیان.
کێڵگەی غازی کۆرمۆر لە ناحیەی قادرکەرەم سەربە قەزای چەمچەماڵ گەورەترین کێڵگەی بەرهەمهێنانی غازی سروشتییە لە هەرێمی کوردستان و عێراق و نزیکەی 90٪ـی کارەبای هەموو کوردستان بەرهەم دەهێنێت.