ئۆتۆمبێلەکانتان لەوێ رامەگرن

هاتوچۆی سلێمانی بۆ مووچەخۆران: لە کاتی چوون بۆ لای (ئەی تی ئێم)ـەکان شەقامەکان دامەخەن

وریا فەتاح

بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی پەیامێکی ئاراستەی ئەو کەسانە کرد کە مووچە وەردەگرن، داوایان لێدەکات لە کاتی چوونە بەردەم بانکەکان و (ئەى تى ئێمە)ـەکان، شەقامەکان قەرەباڵغ نەکەن.

ئەمڕۆ، هاتوچۆی سلێمانی لە ئاگادارییەکدا کە ئاراستەی هاوڵاتیانی کردووە دەڵێت، تێبینییان کردووە بەشێک لە مووچەخۆران لە کاتی چوونە بەردەم ئامێرەکانی (ATM) و بانکەکان، ئۆتۆمبێلەکانیان بە شێوەیەکی نایاسایی و نادروست رادەگرن.

هاتوچۆ دەڵێت، ئەم جۆرە پارککردنە دەبێتە هۆی دروستبوونی ئاستەنگی هاتوچۆ و لۆدێکی زۆر بۆ شۆفێرانی دیکە لەسەر شەقامەکان.

بەپێی پەیامەکەی هاتوچۆی سلێمانی، داوا لە شۆفێران کراوە هەست بە بەرپرسیارێتی هاوبەش بکەن و لە پێناو بەرژەوەندی گشتی و ڕێکخستنی شەقامەکاندا، ئۆتۆمبێلەکانیان لە شوێنی گونجاو ڕابگرن و دواتر بچن بۆ وەرگرتنی مووچەکانیان.