پێشوازى لێدەکەن

چالاکەوانانی کەرکوک: با هەڵمەتی دەستگیرکردنی گەندەڵکاران بگاتە شارەکەمان و هەرێمی کوردستان

کاروان ساڵحى

ئەمڕۆ شەممە، ژمارەیەک لە چالاکەوانانی مەدەنی لە شاری کەرکوک گردبوونەوەیەکیان ئەنجامدا و پشتیوانی خۆیان بۆ هەڵمەتی سەرۆک وەزیرانی عێراق دژی گەندەڵکاران راگەیاند، هاوکات داوایان کرد ئەو هەڵمەتە شارەکەی ئەوانیش بگرێتەوە.

لە گردبوونەوەکەدا کە لە باخچەی شۆرجەی شارەکە بەڕێوەچوو، ئازاد مەجید، یەکێک لە چالاکەوانان و نوێنەری رێکخراوی کۆنگرەی ئازادی و گۆڕانکاری رایگەیاند: ئێمە بە توندی پشتیوانی لە دەستگیرکردنی ئەو گەندەڵکارانە دەکەین کە سەروەت و سامانی عێراقیان بەتاڵان بردووە.

جەختی لەوە کردەوە کە نابێت لەم هەڵمەتەدا چاوپۆشی لە هیچ کەسێک بکرێت، تەنانەت ئەگەر سەرۆک حزب و وەزیرەکانیش بن، و دەبێت لە ڕێگەی یاساوە لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت.

ئەو چالاکوانە داواکارییەکی ئاراستەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد و وتی،”داواکارین حکومەتی هەرێمیش هاوشێوەی بەغدا دەست بە هەڵمەتی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی بکات.”

سەبارەت بە چارەنووسی سامانە دزراوەکانیش، بەشداربووانی گردبوونەوەکە داوایان کرد سەرجەم ئەو پارانەی دەگەڕێندرێنەوە، پێویستە بخرێنەوە خزمەتی خەزێنەی گشتی بۆ ئەوەی لە بواری خزمەتگوزاری و رەخساندنی هەلی کار و دامەزراندندا بەکاربهێنرێن، هەروەها داوایان کرد پرۆسەی دادگاییکردنی گەندەڵکاران بە شێوەیەکی ئاشکرا و شەفاف بەڕێوەبچێت.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح