ئایا دەبێتە نەتەوەی "ستارت ئەپ" لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست؟

ئۆڕشەلیم پۆست: هەرێمی کوردستان پێویستی بە کۆپیکردنی ئەزموونی ئیسرائیل نییە

فەرهاد حەسەن

رۆژنامەی (ئۆڕشەلیم پۆست)ی ئیسڕائیلی راپۆرتێکی لەسەر دۆخی ئێستا و ئاییندەی هەرێمی کوردستان بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت گۆڕانکاری لەهەندێک کەرت و سێکتەردا بکات، بۆئەوەی ئایندەیەکی باش خۆی ببینێتەوە.

رۆژنامەکە ئەمڕۆ شەممە 11.7.2026 ئەو راپۆرتەی بڵاوکردووەتەوە:

هەرێمی کوردستان پێویستی بە کۆپیکردنی ئەزموونی ئیسرائیل نییە، بەڵام دەتوانێت وانە لە گەشتەکەی وەربگرێت؛ گەشتێک لە ژینگەیەکی بچووک و نادیاری سیاسییەوە بۆ بوون بە زلهێزێکی تەکنەلۆژی و “ستارتئەپ”. لە کاتێکدا هەرێمی کوردستان هەوڵدەدات وێنەی خۆی لە جیهاندا بگۆڕێت، تێپەڕین لە “قۆناغی مانەوە” بۆ “قۆناغی گەشەسەندن” بووەتە پێویستییەکی حەتمی.

ئەوەی پێویستە کوردستان بیکات گۆڕینی ناسنامە ئابوورییەکەیەتی، کە بۆ چەندین دەیەیە جیهان لە رێگەی شەڕی داعش، کۆمەڵکوژی، نەوت و ئالەنگاری ئەمنییەوە سەیری کوردستانی کردووە. ئەگەرچی ئەمانە بەشێکن لە مێژوو و ئێستای ناوچەکە، بەڵام بەردەوامبوون لەم وێنەیە رێگرە لە راکێشانی ئەو وەبەرهێنانانەی کە ئایندەیەکی گەشاوە بۆ کوردستان بونیاد دەنێن.

نموونەی ئیسرائیل نیشانی دەدات کە چۆن بە ئابوورییەکی بچووک لەژێر فشاری جیۆپۆلیتیکی بەردەوامدا، توانی ببێتە یەکێک لە پێشەنگەکانی جیهان لە رێگەی پەرەپێدانی دامەزراوەکان و راکێشانی متمانەی وەبەرهێنەران.

دووەم پێویستی کە باسیکردووە،  ئاستەنگ و جیاوازییەکانە، ئاماژە بەوەدەکات کە کوردستان لەگەڵ کۆمەڵێک بەربەستدا ڕووبەڕووبووەتەوە کە جیاوازن لەوانەی ئیسرائیللەوانەش  کارکردن لە چوارچێوەی سیستەمێکی فیدراڵی،  پشتبەستنی هەناردەی نەوت بە سیاسەتی وڵاتانی دراوسێ،  پێویستی بە مۆدێرنکردنی سیستەمی بانکی و نەبوونی ئەو پەیوەندییە بەهێزەی نێوان کەرتی سەربازی و تەکنەلۆژیا، یاخود دەستڕاگەیشتنی راستەوخۆ بە سەرمایەی گەورەی ئەمریکی.

پێویستیی سێیەم کە پێویستە کوردستان بیکات، گرنگیی هەمەجۆرکردنی ئابوورییەکەیەتی، چونکە دەڵێت، مەترسییە سیاسییەکان وایکردووە هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داهات ببێتە کارێکی بەپەلە، بۆ نموونە، راگرتنی بۆری نەوتی هەرێم – تورکیا لە ساڵی  کە رۆژانە 450 هەزار بەرمیل نەوتی دەگواستەوە، نیشانی دا کە پشتبەستن تەنیا بە نەوت چەندە مەترسیدارە.

هەرچەندە حکومەتی هەرێمی کوردستان هەنگاوی ناوە، بۆ ئەمەش لە ساڵی 2006ەوە زیاتر لە هەزار و 650 پڕۆژەی وەبەرهێنانی بە بەهای 80 ملیار دۆلار مۆڵەتیان پێدراوە، کە کەرتی پیشەسازی، گەشتیاری، بازرگانی و کشتوکاڵ دەگرێتەوە، بەڵام دەکرێت ئەم هانگاوانەی زیاتر بێت.

رۆژنامەکە دەڵێت، بۆ ئەوەی کوردستان ببێتە ناوەندێکی داهێنان، پێویستە ئەم خاڵانە جێبەجێ بکات:

– متمانەی کەرتی تایبەت: ئیسرائیل لە رێگەی بەرنامەی “Yozma” لە ساڵی 1993 سەرمایەی گشتی بەکارهێنا بۆ راکێشانی وەبەرهێنەرە بیانییەکان، حکومەتی هەرێمیش دەتوانێت لە رێگەی سندوقی وەبەرهێنانی هاوبەشەوە مەترسییەکان لەگەڵ کەرتی تایبەت دابەش بکات.

رۆڵی زانکۆکان: زانکۆ تەنیا بۆ فێربوون نییە، بەڵکو دامەزراوەیەکی ئابوورییە، مۆدێلی “Ramot” لە زانکۆی تەلئەبیب، داهێنانە زانستییەکان دەگۆڕێت بۆ پڕۆژەی بازرگانی، پێویستە زانکۆکانی کوردستانیش پەیوەندییەکی راستەوخۆ لەگەڵ بازاڕ و پیشەسازیدا دروستبکەن.

– بەهێزکردنی رەوەند (دیاسپۆرا): سوودوەرگرتن لە تۆڕی کوردانی دەرەوە کە خاوەن سەرمایە و ئەزموونن، دەتوانێت بزوێنەرێکی گەورەی ئابووریی داهێنان بێت.

رۆژنامەکە نموونەیەکی وڵاتی ئیسڕائیلی بڵاوکردووەتەوە کە دەکرێت وەک پاڵنەر سوودی لێوەربگیرێت، ئەوەیش ئەوەیە کە کەرتی تەکنەلۆژیای ئیسرائیل 12٪ی هێزی کار پێکدەهێنێت و بەرپرسە لە زیاتر لە نیوەی هەناردەی ئەو وڵاتە، لە ساڵی 2025 سەرەڕای جەنگ و ناسەقامگیری، کۆمپانیا تەکنەلۆژییەکانی ئیسرائیل توانیان 15.6 ملیار دۆلار وەبەرهێنانی تایبەت رابکێشن، ئەمە نیشانەی ئەوەیە کە کاتێک ژینگەیەکی دامەزراوەیی دروست دەبێت، وەبەرهێنەر ئامادەیە سەرکێشی بکات.

لە کۆتاییشدا دەڵێت، ستراتیژیی داهێنانی کوردی دەبێت تایبەتمەندی ناوچەکە لەبەرچاو بگرێت، کلیلەکە تەنیا راکێشانی سەرمایە نییە، بەڵکو بونیادنانی ئەو دامەزراوانەیە کە دەتوانن ئەو سەرمایەیە بگۆڕن بۆ ئابوورییەکی بەردەوام. کوردستان لە سفرەوە دەستپێناکات، بەڵکو خاوەنی ژێرخانێکی گەشەسەندووی خوێندنی باڵا و ئیرادەیەکە بۆ گۆڕانکاری، تەنیا پێویستی بە رێکخستنی ئەم توانا مرۆییانە هەیە لە چوارچێوەیەکدا کە متمانەی وەبەرهێنەری نێودەوڵەتی بەدەستبهێنێت.