کیلۆیەک بە سێ هەزار و 500 دینارە

ھەموو شتێک بووە بە نۆرە و ماسیش نۆرەی بۆ گیراوە

میلاد جەلال – کەلار

ھەرزانی نرخی ماسی وایکردووە خواستێکی زۆری لەسەرە لەلایەن ھاوڵاتیان و نۆرەی بۆ دەگرن، ھەر کیلۆیەک بە سێ هەزار و 500 دەفرۆشرێ.

کۆچەر ئەحمەد، ماسیفرۆشە لەیەکێک لە شەقامەکانی کەلار بە 964ى وت، بەهۆی گرانی نرخی گۆشتی سوور و هەندێک کات مریشک، ماسی خواستی زۆری لەسەرە، وای لێھاتووە خەڵکی نۆرەی بۆ دەگرێ.

ئەو دەڵێ، لەگەڵ ھاوڕێکانم رۆژانە پێنج تۆن ماسی سەرف دەکەین، ھەموو خەڵکمان تێر ماسی کردووە.

ئەو ماسیی فرۆشە ئاماژەی بەوەکرد، ئەم ھەرزانییە ھەر چەند رۆژێکی دیکەیە و وردە وردە خەریکە نرخەکی ماسیش گران دەبێت، چونکە دەبرێتە شارەکانی عێراق و ئەوەش کاریگەری لەسەر نرخ دادەنێ.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا