پەڕەی کەشناسی هەرێم سڕکراوە

میدیازان – هێمن بەکر – هەولێر

ماوەی نۆ مانگە پەڕەی فەیسبووکی کەشناسی هەرێمی کوردستان سڕکراوە و هیچ بابەتێکی تێدا بڵاونەکراوەتەوە، سەرچاوەیەکی بەرپرسیش دەڵێت، لە وەزارەتی گواستنەوە بڕیاری لەسەر دراوە.

پەڕەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان لە فەیسبووک، پەڕەیەکی ناسراو بوو بۆ هاوڵاتیان و رۆژنامەنوسان.

ئەو پەڕەیە خاوەنی ٧٦ هەزار فۆڵۆوەرە، بەڵام کۆتا پۆستی لە رۆژی ١٧ی مانگی شوباتی ٢٠٢٢ بووە.

کۆتا پۆستی پەڕەکە لە فەیسبوک

رۆژنامەنوسان و کەناڵەکانی راگەیاندن پشتیان پێ دەبەست بۆ دەستکەوتنی زانیاری لەسەر پێشبینییەکانی کەشناسی و بومەلەرزەزانی.

میدیازان پرسیاری کرد لە سەرچاوەیەکی تایبەت لە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن، کە بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی سەر بە ئەوان بوو، سەرچاوەکە تەنیا وتی، هۆکاری وەستانی پەڕەکە گۆڕانکاریی ئیداریی بووە لە پێکهاتەی وەزارەتەکەدا.

لە ئێستادا هۆبەیەکی تایبەت هەیە لە وەزارەتی گواستنەوە بۆ بواری کەشناسی و رۆژانەش پێشبینییەکانی لە پەڕەی فەرمی وەزارەتەکە بڵاودەکاتەوە.

لەلایەکی دیکە، سەرچاوەیەکی تایبەت کە پێشتر کارمەند بووە لە بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی بە میدیازانی وت، “ئێمە خۆشمان نەمانزانی بۆچی بەڕێوەبەرایەتییەکەمانیان نەهێشت و کردیان بە هۆبەیەک لە وەزارەت”.