یەکێکیان دەستبەسەر و دووەمیشیان بە غیابی حوکمدراوە

ئه‌نجومه‌نی باڵای دادوه‌ری رێکارەکانی‌ دۆسیەی نور زوهێر و عەدنان جومەیلی رووندەکاتەوە

فەرهاد حەسەن

ئه‌نجومه‌نی باڵای دادوه‌ری عێراق له‌باره‌ی دۆسیەی نور زوهێر و عەدنان جومەیلی، روونکردنەوە دەدات و دەڵێت، لە نێوان سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری و سەرۆک وەزیرانی پێشو، رێککەوتن کراوە لەسەر ئازادکردنی تۆمەتباری سەرەکی بە ناوی نور زوهێر بە کەفالەتێکی دەستەبەرکراو بۆ گەڕاندنەوەی ئەو پارە کێشراوانە بە شێوەی قیست، لە بەرامبەریشدا سزاکەی سوکبکرێت.

نور زوهێر جاسم، سەرمایەداری عێراقی تۆمەتباری سەرەکیی کەیسی “دزی سەدە”یە، کە گەورەترین دزیی گەندەڵی بوو لە مێژووی عێراقدا، لە ساڵی 2022 ئاشکرا بوو کە نزیکەی 2.5 ملیار دۆلار (2.7 ترلیۆن دیناری عێراقی) لە پارەی سپێردراوی دەستەی گشتیی باجەکان لە “بانکی رافیدەین” دزراوە.

ئه‌نجومه‌نەکە، ئه‌مڕۆ هه‌ینی له‌ روونكردنه‌وه‌یه‌كدا باسی له‌وه‌كردوه‌، لە رێگەی دادگا تایبەتمەندەکان بە دۆسیەکانی بەرەنگاربونەوەی گەندەڵی کارگێڕی و دارایی، هەوڵ بۆ دوو ئامانجی لێک گرێدراو دەدات؛ یەکەمیان لێپرسینەوە لەگەڵ ئەو کەسانەی تاوانی گەندەڵی دارایی و کارگێڕی ئەنجام دەدەن و دووەمیشیان گەڕاندنەوەی پارەی دەوڵەت، ئەمەش یاخود بە کەمکردنەوەی ڕێکارە یاساییەکان یان سوککردنی ئەو سزایە بەدیدێت کە بەسەر تۆمەتبارانی ئەم تاوانەدا دەسەپێنرێت، بەپێی ئەو مەودایەی کە دەستور و یاسا رێگەی پێداوە.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌، پوختەی ئەو تاوانە ئەوەیە کە کۆمپانیا بیانییەکانی کاردەکەن لە عێراق، بارمتەیەک (ئەمانەت) بە بڕی 5%ی بەهای پڕۆژەکە لە لایەن دەستەی گشتیی باجەکان دادەنێن بۆ دەستەبەرکردنی جێبەجێکردنی پڕۆژەکە، دوای کۆتاییهاتنی کارەکانی کۆمپانیاکەش، مافی خۆیەتی لە ماوەی پێنج ساڵدا ئەو پارەیە بکێشێتەوە، بەڵام دەڵێت کۆمپانیاکانی راپەڕاندنی مامەڵەکان (شرکات التعقیب)، لەوانەش هەردوو کۆمپانیای مەحکومکراو “نور زوهێر” (القانت) و (المبدعون)، رێکاری نایاسایی و نائوسوڵییان گرتەبەر لە پرۆسەی کێشانەوەی ئەو ئەمانەتانەدا، لەبەرئەوە رێکاری یاسایی بەرامبەر سەرجەم تێوەگلاوانی ئەو تاوانە لە خاوەن کۆمپانیاکان و ئەو فەرمانبەرانەی یارمەتییان دابوون لە پرۆسەی کێشانەوە نایاساییەکەدا.

له‌ روونکردنەوه‌كه‌دا ئەوەش هاتووه‌، کە لە نێوان سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری و سەرۆک وەزیرانی پێشوو، دوای بەدەستهێنانی رەزامەندی دادوەری تایبەتمەند بە لێکۆڵینەوە لەو دۆسیەیەدا، رێکەوتن کراوە لەسەر ئازادکردنی تۆمەتباری سەرەکی بە ناوی نور زوهێر بە کەفالەتێکی دەستەبەرکراو بۆ گەڕاندنەوەی ئەو پارە کێشراوانە بە شێوەی قیست، لە بەرامبەر سوککردنی سزاكەی لەوکاتەدا.

دەڵێت “بەشێوەیەکی کرداریش بڕی 365 ملیار دینار گەڕێندرایەوە لە کۆی گشتی ئەو بڕە پارەیەی کە لەسەر هەردو کۆمپانیاکەی ئەو (القانت و المبدعون) بو کە بڕەکەی ترلیۆنێك و 618 ملیار و 370 ملیۆن و 882 هه‌زار دینار بوو”.

ئەو بڕە پارەیەی باسکراوە، بەشێکە لە کۆی گشتی ئەو پارەیەی کە لە بانکی رافیدەین لەلایەن سەرجەم کۆمپانیاکانی کێشانەوەوە راکێشرابوو، کە بڕەکەی  سێ ترلیۆن و 831 ملیار و 370 ملیۆن و 882 هەزار دیناری عێراقی بووە.

ئه‌نجومه‌نی باڵای دادوه‌ری عێراق ئاشکرای دەکات‌، تۆمەتباری ناوبراو گەشتی کردووە بۆ دەرەوەی عێراق و پڕۆسەی پێدانی پارەکە وەستا، لەبەر ئەوە رەوانەی دادگای تاوانەکانی بەرەنگاربونەوەی گەندەڵی ناوەندی کرا و حوکمی ئاماده‌نه‌بون (غیابی) بۆ ماوەی 10 ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنرا، لەگەڵ رێکخستنی مەلەفی وەرگرتنەوە (استرداد) و پەیوەندیکردن بە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی عەرەبی و نێودەوڵەتی (ئینتەرپۆل) بۆ گەڕاندنەوەی بۆ عێراق.

بابەتی گرتنەوەی یاسای لێبوردن بۆ مەحکومکراو (نور زوهێر) بە هەڵپەسێردراوی ماوەتەوە تا ئەوکاتەی لەگەڵ وەزارەتی دارایی لەسەر میکانیزمی پێدانی پارەکان لەگەڵ مەحکومکراو یان پارێزەرەکەی رێکەوتن دەکرێت.

لە روونکردنەوەکەی ئەنجومەندا باس لەوەشکراوە، کە  حوکمی ئاماده‌نه‌بون (غیابی) بە زیندانیکردن بەسەر بەڕێوەبەری نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتە و ژمارەیەک راوێژکاریشدا سەپێندرا، لەگەڵ رێکخستنی مەلەفی وەرگرتنەوەیان لەو وڵاتانەی لێی نیشتەجێن، هەروەها فەرمانی دەستگیرکردن بۆ کەسانی دیکەش دەرچوو، لەگەڵ تێبینی ئەوەی کە هەمووان دەکرێت یاسای هەموارکردنی یاسای لێبوردن بیگرێتەوە لە حاڵەتی پێدانی ئەو بڕە پارانەی کە لەسەریانە.

سەبارەت بە دۆسیەی کۆمپانیای پاڵاوگەکانی باکور (مصافی الشمال) و تۆمەتباری دەستبەسەرکراو عەدنان جومەیلی و ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران، ئه‌نجومه‌نی باڵای دادوه‌ری عێراق ئەوە روونکراوەتەوە کە‌، هەمان ئەو رێکارانەی لە سەرەوە ئاماژەیان پێکرا پەیڕەو دەکرێن، لە حاڵەتێکدا ئەگەر تاوانی هەرکامیان پێش رێکەوتی بەکاربونی یاسای هەموارکردنی یاسای لێبوردن ئەنجامدرابێت و ئەوەی لەسەریەتی لە پارە بیگەڕێنێتەوە بۆ وەزارەتی زیانمەندبوو.