"منداڵی تێدایە"

حەوت کەس لە رووداوێکی هاتوچۆدا لەسەر رێگای کەلار – باوەنوور بریندار بوون

964+

پەری ساڵح

لەسەر رێگای سەرەکیی کەلار بۆ ناحیەی باوەنوور، رووداوێکی هاتوچۆ لە جۆری وەرگەران روویدا و بەهۆیەوە حەوت کەس بریندار بوون، کە لەنێوانیاندا منداڵ و بەتەمەن هەن.

بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی گەرمیان رایگەیاند؛ کەمێک پێش ئێستا ئۆتۆمبێلێکی جۆری (نیسان پیکاب) کە بە ئاڕاستەی ناحیەی باوەنوور رۆیشتووە، لە نزیک گوندی “تازەدێ” کۆنترۆڵی لەدەستداوە و وەرگەڕاوە.

بەپێی زانیارییەکانی هاتووچۆ، لەم رووداوەدا شۆفێری پیکابەکە و شەش سەرنشینی دیکە بریندار بوون. تەمەنی بریندارەکان جیاوازە و لەنێوانیاندا دوو منداڵی تەمەن 9 ساڵان هەن، ئەوانی دیکەش لەدایکبووی ساڵانی (1956، 1960، 1990، 2011، 2013)ن.

دوای رووداوەکە، دەستبەجێ سەرجەم بریندارەکان گەیەندرانە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شەهید هەژار لە کەلار بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی. هاوکات تیمەکانی هاتوچۆ گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و لێکۆڵینەوەیان بۆ زانینی هۆکاری سەرەکیی وەرگەڕانی ئۆتۆمبێلەکە دەست پێکردووە.