لەگەڵ باوکی لە باخەکەیان دەگەڕانەوە

مێرمنداڵێک له‌ گوندێکی سەوڵاوەی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان بە تەقەی پاسەوانی سنور گیانی لەدەستدا

فەرهاد حەسەن

رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو رایگه‌یاند، مێرمنداڵێکی کوردی ته‌مه‌ن 15 ساڵانی بە ناوی (سام حەسەن)ی بە تەقەی راستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کوژرا و ئەحسەن حەسەنی باوکیشی بە سەختی برینداربووە.

رووداوەکە، ئێوارەی دوێنێ پێنجشەممە هێزەکانی هەنگی سنوریی جێگیر لە گوندی دەرەکێی سەر بە شاری سەوڵاوا، ئۆتۆمبێلی بنەماڵەیەک لە ئەو هێزەوە بەبێ هیچ جۆرە ئاگادارکردنەوەیەکی پێشوەخت دراوەتە بەر دەستڕێژی گولـلە، منداڵەکە دەسبەجێ گیانی لەدەستداوە و باوکیشی فیشەک بەر رانی کەوتووە و بە سەختی بریندار بووە.

بە وتەی سەرچاوەکانی ئاگادار کە بە رێکخراوەکەیان راگەیاندووە، ئەو بنەماڵەیە دوای تەواوبونی کارکردنیان لە باخی  گێلاسی خۆیان، لە کاتی گەڕانەوە بەرەو شوێنی نیشتەجێبوون، کە لەناکاو لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ئێرانەوە کرانە ئامانجی دەستڕێژی گولـلە.

رێکخراوی هەنگاو دەڵێت، تەقەکردن لە مێردمنداڵان و کرێکارانی ناوخۆیی لە زەوی و باخە کشتوکاڵییەکاندا، پێشێلکردنێکی ئاشکرا و بنەڕەتیی مافی ژیانە (ماددەی 6)ی پەیماننامەی نێودەوڵەتیی مافە مەدەنی و سیاسییەکان و هەروەها پێشێلکردنی ئاشکرای پەیماننامەی جیهانیی مافەکانی منداڵە کە دەوڵەتی ئێران پەسەندی کردووە.

بەپێی ئاماری رێکخراوەکە، ساڵانه‌ ده‌یان حاڵه‌تی کوژرانی هاوڵاتیان لە ناوچە سنورییەکانی ئێران تۆمارده‌كرێن، بە تایبەت لە ناوچە کوردنشین و بەلوچنشینەکان.