"زەوییەکە دیاری و بەخشینە و نابێتە میرات"

تۆمارکردنی خانووبەرەی سلێمانی روونکردنەوە لەبارەی پێدانی زەوی بە خانەوادەی شەهیدان بڵاودەکاتەوە

فەرهاد حەسەن

تۆمارکردنی خانووبەرەی سلێمانی روونکردنەوە لەبارەی پێدانی زەوی بە خانەوادەی شەهیدان بڵاودەکاتەوە و دەلێت ئەوە زەویەی بەو خانەوادانە دەدرێت ناچێتە قاڵبی میراتەوە.

بەڕێوەبەرایەتیی تۆمارکردنی خانووبەرەی دووەمی سلێمانی، دەڵێت ئەو زەوییەی پێیاندەدرێت بە میراتى شەهیدەکەش ئەژمارناکرێت، چونکە میرات بەو سامانە دەوترێت کە لە مردوویەک بەجێ دەمێنێ پاش لێدەرکردنی قەرز و خەرجیی کفن و دفنەکەی.

زیاتر روونیدەکاتەوە، کە ئەو زەوییەی دەدرێت بە خانەوادەی شەهید هەرگیز پێشتر موڵکی شەهیدەکە نەبووە، بۆیە بە میراتی شەهیدەکە ئەژمارناکرێت و بەپێی دابەشنامەی شەرعیی شەهیدەکە تۆمارناکرێت، بەڵکو ئەو زەوییە دیاری و بەخشین و مینحەیەکە لەلایەک حکومەتەوە بۆ خانەوادەی شەهیدەکە.

باس لەوەدەکات، کە ئەم زەویانە بەپێی یاسای ماف و ئیمتیازاتی شەهیدان و ئەنفالکراوان (ژمارە 9 ساڵی 2007) تۆماردەکرێـت نەوەک بە دابەشنامەی شەرعی، واتە ئەوانەی شایستەی ئەو زەوییەن بەپێی ئەو یاسایە دیاریدەکرێت نەوەک بەپێی بەشنامەی شەرعی، بۆیە جیاوازییەکی بەرچاو هەیە لە نێوان ئەوانەی بەپێی بەشنامەی شەرعی دەبنە میراتگری شەهیدەکە لەگەڵ ئەوانەی بەپێی ئەو یاسایە دەبنە شایستەی زەویی شەهیدانە بۆ ئەو شەهیدە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، هەموو ئەوانەی بەپێی یاساکەی سەرەوە، دەبنە شایستەی زەویی شەهیدانە پشکی یەکسان لە زەوییەکەدا وەردەگرن و پشکی هیچکامیان زیاتر یاخود کەمتر نییە لە پشکی ئەوانی دیکە، چونکە لە یاساکەدا تەنیا ئەو کەسانە دیاریکراون کە دەبنە شایستەی زەویی شەهیدانە و هیچ ئاماژەیەک بە پشکی ئەو کەسانە نەدراوە، بۆیە بەپێی یاسای دایکانە کە یاسای شارستانییە (ژمارە 40 ساڵی 1951ی هەموارکراو) هەموویان بە یەکسانی زەوییەکەیان بەناوەوە تۆماردەکرێت.

تۆماری خانوبەرەی سلێمانی دەشڵێت، لایەنی تایبەتمەند بە جێبەجێکردنی ئەم یاسایە دەزگای شەهیدانە بۆیە فەرمانگەی تاپۆ لە دەستنیشانکردنی کەسانی شایستەی زەویی شەهیدانەدا پشت بە نوسراوی دەزگای شەهیدان دەبەستێت نەوەک بە دابەشنامەی شەرعی و لەم وێنەیەشدا کە بلاوکراوەتەوە چۆنیەتیی دیاریکردنی کەسانی شایستەی زەویی شەهیدانە بەپێی یاسای (ژمارە 9 ساڵی 2007) روونکراوەتەوە کە جیاوازە لە ئەحکامی میراتی شەرعی.