سەرپێچیکار رووبەڕووی دادگا دەکرێتەوە
“ریکلام و فرۆشتنی دەرمان بە ئۆنلاین قەدەغەیە”
شۆڕش قادری
“ریکلام و فرۆشتنی دەرمان بە ئۆنلاین قەدەغەیە و سەرپێچیکار رووبەڕووی دادگا دەکرێتەوە”، ئەمە قسەی نەقیبی سەندیکای دەرمانسازانە لە هەولێری پایتەخت.
د. باریف زاهیر بە 964ـی وت، “هەم بەپێی رێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستی و هەمیش بەگوێری یاسای سەندیکای دەرمانسازان، دیعایە کردن بۆ دەرمان و فرۆشتنی بە ئۆنلاین قەدەغەیە، واتە ئەگەر سەرچاوەی ئەو شوێنەی دەرمانەکە دەفرۆشێ و ئەو کەسەی دەرمانەکە دەهێنێ و دەبا دیار نەبێ، بەهەموو شێوەیەک قەدەغەیە”.
“ئەگەر هاوڵاتییەکی ئاسایی ئەو کارە بکات، رووبەڕووی دادگا دەکرێتەوە و ئەگەریش پزیشک یان کەسێکی سەربە لایەنەێکی تەندروستی بێت، بەپێی یاسای سەندیکای دەرمانسازان، لێپێچێنەوەی لەگەڵدا دەکرێت”، د. باریف وادەڵێت.
سەبارەت بە رەچەتەی دەرمانیش، نەقیبی سەندیکای دەرمانسازان دەڵێت، بەگوێرەی یاسا هەندێک دەرمان کە پێیان دەوترێ، ئۆ تی سی (OTC)، بێ رەچەتە ئەویش تەنیا لە دەرمانخانە دەتوانرێ وەربگیرێت، بەڵام ئەو دەرمانانەی دیکە، دەبێ هەموو بە رەچەتەی پزیشک وەربگیرێن.
دەرمانی ئۆ تی سی (OTC)، زیاتر ئازار شکێنن و بۆ حەساسیەت و هەستیاریی بەکاردەهێنرێن کە ئەوانیش دەبێ لە دەرمانخانە و بە رێنمایی دەرمانساز بەکاربهێنرێن.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری