حەسار و شوێنی بەخێوکردنی ئاژەڵ لە ناحیەی سرێشمە – وێنە؛ فەرمانگەی ژینگەی سۆران
شوێنی بەخێوکردنی ئاژەڵەکانیان لە ماڵی هاوڵاتیانەوە نزیکە
ژینگەی سۆران سکاڵا لەسەر چەند ئاژەڵدارێکی ناحیەی سرێشمە تۆمار دەکەت
شۆڕش قادری
ژینگەی سۆران سکاڵا لەسەر چەند ئاژەڵدارێکی ناحیەی سرێشمە تۆمار دەکەت لەسەر ئەوەی کە حەسار و شوێنی بەخێوکردنی ئاژەڵەکانیان لە ماڵی هاوڵاتیانەوە نزیکە.
بەپێی راگەیەنراوێکی فەرمانگەی ژینگەی سۆران، ئەمڕۆ چوارشەممە 18.11.2026 نوێنەری یاسایی فەرمانگەکە چووەتە بنکەی پۆلیسی خەلیفان و دادگای لێکۆڵینەوەی خەلیفان بۆ تۆمارکردنی سکاڵای یاسایی لە دژی چەند تۆمەتبارێک کە خاوەنی حەسارن و شوێنی بەخێوکردنی ئاژەڵی دابەستیان لە نزیک شوێنی نیشتەجێبوون هەیە لە ناحیەی سرێشمە.
ئاماژە بەوەشکراوە، ئەو حەسارانە بوونەتە هۆکاری بڵاوبوونەوەی بۆنی ناخۆش و ئازاردانی دانیشتووان، لەگەڵ ئەوەشدا نە رەزامەندی ژینگەییان هەیە و نە مەرجە ژینگەییەکانیان تێدا جێبەجێ کراوە.
بەپێی ڕێنمایی ژمارە (1)ـی ساڵی 2024ـی پۆلێنکردنی پڕۆژەکان و رەزامەندی ژینگەیی و بەپێی ماددەی 25ـی یاسای پاراستن و چاککردنی ژینگەی هەرێمی کوردستان ژمارە 8ـی ساڵی 2008 ئەو کارە بە سەرپێچی ژینگەیی دادەنرێت.