"لە سبەینێوە"
کەشناسی هەرێم: بارانبارین دەستپێدەکاتەوە
964+
کاکەلاو عەبدوڵا
بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێم رایگەیاند، سبەی چوارشەممە بارانبارین بەشێوازی جیاواز لە ناوچەکانی هەرێم دەستپێدەکاتەوە.
کەشناسی پێشبینی کەشوهەوای ئەمڕۆ و سبەینیی بڵاوکردەوە و دەڵێت، ئەمڕۆ ئاسمان نیمچە هەور دەبێت و هەندێ کات بۆ ساماڵ و پەڵەهەور دەگۆڕێت.
کەشناسی پێشبینی دەکات سبەینێ کاریگەری نزمە پاڵەپەستۆیەک سەرەتا لە ناوچە سنوورییەکان دەبێتە هۆی نمەباران و هەورە تریشقەی لەناکاو، دواتر نمە باران لە دواینیوەڕۆ دەگاتە ناوچە جیاجیاکانی سنووری ئیدارەی زاخۆ، سنووری پارێزگای دهۆک و ناوچە جیاجیاکانی رۆژهەڵاتی پارێزگای هەولێر و بەشێک لە ئیدارەی سۆران.
ئەوەش هاتووە، لە ئێوارەی هەمان رۆژدا بارانبارینی بەردەوام و چالاک لە سنووری پارێزگای سلێمانی، هەڵەبجە و بەشێک لە ئیدارەی راپەڕین دەستپێدەکات.