دامەزرێنەر و بەڕێوەبەری تێلیگرام:

“سانسۆر ناخەینەسەر وتاری سیاسیی ئازاد”

مستەفا نەهرۆ

دامەزرێنەر و بەڕێوەبەری تێلیگرام دەڵێت، “سانسۆر ناخەینە سەر وتاری سیاسیی ئازاد، بەبێ گوێدانە ئەوەی کە چۆن داوامان لێدەکرێت”.

لە یەکەم کاردانەوەی بەرامبەر بە راگرتنی پلاتفۆرمی تێلیگرام لە عێراق، پاڤێل دورۆڤ، دامەزرێنەر و بەڕێوەبەری تێلیگرام دەڵێت، “هەست بە نیگەرانی دەکەین بۆ گەلی عێراق، بەڵام ئێمە سانسۆر ناخەینە سەر وتاری سیاسیی ئازاد، بەبێ گوێدانە ئەوەی کە چۆن داوامان لێدەکرێت”.

ئاشکراشیکردووە، ئەمە بۆ دووەم جارە لەم ساڵەدا عێراق تێلیگرام بلۆک دەکات.

دوو رۆژ پێش ئێستا، دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق رایگەیاند، بڕیارێکیان بۆ بلۆککردنی ئەپی تێلیگرام لە عێراق دەرکردووە، هۆکارەکەشی بۆ پابەندنەبوونی کۆمپانیاکە بە یاسا و رێنماییە پەیوەندیدارەکانی عێراق گەڕاندووەتەوە.