41 پلەى سیلیزى

بەرزى پلەکانى گەرما؛ هاتوچۆى لە هەولێر سست کردووە

هێژا عەباس – هەولێر

شاری هەولێر کەوتووەتە ژێر کاریگەریی شەپۆلێکی توندی گەرماوە، بەهۆیەوە لە کاتەکانی نیوەڕۆدا شەقامەکان چۆڵ دەبن و ژیانی رۆژانەی هاوڵاتیان سستی بەخۆیەوە بینیوە.

بەپێی پێشبینییەکانی کەشوهەوا، ئەمڕۆ پلەی گەرمی لە شاری هەولێر 40 پلەی سیلیزییە و چاوەڕوان دەکرێت سبەینێ بەرزتر ببێتەوە و بگاتە 41 پلەی سیلیزی، ئەم شەپۆلی بەرزبوونەوەیەی پلەکانی گەرماش تاوەکو ناوەڕاستی مانگی تەمموز بەردەوام دەبێت.

بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما کاریگەریی راستەوخۆی کردووەتە سەر ژیانی رۆژانەی دانیشتووانی شارەکە، بە جۆرێک جموجۆڵی هاوڵاتیانی کەمکردووەتەوە و لە کاتەکانی نیوەڕۆدا شەقامەکان بە تەواوی چۆڵ و بێ جووڵە دەردەکەون.

لایەنە پەیوەندیدارەکان و شارەزایانی تەندروستی هۆشداری دەدەنە هاوڵاتیان و رێنماییان دەکەن کە خۆیان بپارێزن، بەتایبەتی داوا دەکەن لە کاتەکانی نیوەڕۆدا بەرکەوتنی راستەوخۆیان لەگەڵ تیشکی خۆر نەبێت بۆ ئەوەی تووشی گرفتی تەندروستی نەبن.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح