پرۆفیشناڵانەتر کار دەکەن
بە هاوکاری فەرەنسا؛ تیمەکانی قەیرانەکان لە هەرێم دەگەنە دوورترین گوندەکان
964+
ئەحمەد شەمزین- هەولێر
بۆ بەهێزکردنی سیستمی رووبەڕووبوونەوەی قەیران و کارەساتە سروشتییەکان لە هەرێمی کوردستان، بە پاڵپشتی وڵاتانی وەک فەرەنسا و ئەڵمانیا، ئاستی توانای تیمەکانی بەرگری شارستانی و ناوەندی قەیرانەکان بەرەوپێش دەبرێت.
ئەمڕۆ کونسوڵی گشتیی فەرەنسا لە هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ کۆبووەوە، بە مەبەستی راگەیاندنی کۆتاییهاتنی پڕۆژەیەک کە ئامانج لێی بەرزکردنەوەی توانای تیمەکانی بەرگری شارستانی و ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان بوو لە رووبەڕووبوونەوەی رووداوەکاندا.
نیوار بەدیع، بەڕێوەبەری سەرچاوەکان لە ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکانی وەزارەتی ناوخۆ، بە 964ـی راگەیاند، “حکومەتی هەرێم لەم بوارەدا چەندین هاوبەشی نێودەوڵەتی هەیە، لەوانەش فەرەنسا و ئەڵمانیا. ئەم پڕۆژەیەی کە ئەمڕۆ کۆتایی هات، وایکردووە تیمەکانمان زۆر پرۆفیشناڵانەتر کار بکەن، بەتایبەت لە کاتی دۆزینەوەی تەرم و گەیشتن بە شوێنی رووداو و کارەساتەکان”.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە چوارچێوەی ئەم پڕۆژەیەدا، راهێنانی پێویست بە تیمەکان کراوە بۆ ئەوەی لە کاتی دروستبوونی هەر قەیران و کارەساتێکدا، بتوانن بە خێراترین کات بگەنە دوورترین ناوچە و گوندی کوردستان و بەدەم هاووڵاتیانەوە بچن.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح