بۆ رێگریکردن لە کەوتنەوەی ئاگر

پەردەی دوکانەکانی کۆڵانی مزگەوتی لەنگەی کۆن لێکرانەوە

شۆڕش قادری

لێکردنەوەی پەردەی دوکانداران لە ناو بازاڕی هەولێری پایتەخت بەردەوامە و ئەمشەویش پەردەی دوکانەکانی کۆڵانی مزگەوتی لەنگەی کۆن هێنرانە خوارەوە.

سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر چەند وێنەیەکی هەڵمەتەکەی بڵاوکردووەتەوە و نووسیوتەی، بەم شەوە هەموو پەردەکانی پێش دوکان و کۆڵانی مزگەوتی لەنگەی کۆن لێکرانەوە و لادران، ئەوەش لەپێناو پاراستنی سەر و ماڵی کاسبکاران و دوورکەوتنەوە لە رووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە.

هەڵمەتەکە لەلایەن تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتی شارەوانیی چوار بە هەماهەنگی لەگەڵ پۆلیسی شارەوانیی ئەنجامدراوە و پێشتریش هەر لە لەنگە و شوێنەکانی دیکەی ناوبازاڕی پایتەخت، پەردەی دوکانداران لێکراوەتەوە و شتوومەک و کاڵاکانیشیان پێ براوەتە ژوورەوە.