کەناڵ 12ـی ئیسرائیل:

ناتەنیاهۆ پێشنیازی بۆ ترەمپ کردووە هێرشەکان بۆ سەر ئێران دەستپێبکەنەوە

964+

کاکەلاو عەبدوڵا

کەناڵ 12ـی ئیسرائیلی بڵاویکردەوە، بنیامین ناتەنیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، چەند جارێک پێشنیازی بۆ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کردووە هێرشەکان بۆ سەر ئێران لەپێش هەڵبژاردنەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا دەستپێبکەنەوە.

بەرپرسێکی ئەمریکی بە کەناڵە ئیسرائیلییەکەی راگەیاندووە، “ناتەنیاهۆ چەند جارێک پێشنیازی دەستپێکردنەوەی هێرشەکانی بۆ ترەمپ کردووە و ترەمپیش پێی وتووە: ئەزانی چی، بیبی [ناتەنیاهۆ]، بڕۆ خۆت ئامادە بکە.”

ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوە کردووە: رازیبوونی ترەمپ هیچ پابەندییەکی پێوە دیار نەبوو، چونکە “خۆت ئامادە بکە” رەنگە بۆ ئێستا، یان دواتر یان هەر بۆ کاتێکی دیارینەکراو بێت کە روونەدات.

بەرپرسێکی دیکەی ئەمریکی وتوویەتی: هەڵوێستی ترەمپ لەسەر بابەتی هێرشکردنەوە بۆ سەر ئێران زوو زوو دەگۆرێت.

چەند بەرپرسێکی ئەمریکی بە کەناڵەکەیان وتووە، پێیان سەیر بووە ناتەنیاهۆ دەیەوێت هێرش بۆ سەر ئێران پێش دەستپێکردنی هەڵبژاردنەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا دەستپێبکاتەوە و رەنگە یەکێک لە ئەگەرەکان ئەوەبێت سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل پێیوایە ئێران هەنگاوی نوێی لە بواری چەکی ناوکی ناوە.

هەڵبژاردنەکانی ئیسرائیل لە 27ـی ئەم مانگە و هەڵبژاردنی نیوەخولی ئەمریکا لە 3ـی مانگی داهاتوو دەستپێدەکەن، دەستپێکردنەوەی هێرشیش پێش ئەم دوو وادەیە رەنگە کاریگەری گەورە لەسەر هەردوو وڵات و ئەنجامی هەڵبژاردنەکان دابنێت.

هەفتەی رابردوو ترەمپ وتی، “هێرش ناکەینە سەر ئێران پێش هەڵبژاردنەکانی نیوەخولی کۆنگرێس”، بەڵام سوپای ئیسرائیل و فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا لەوپەڕی ئامادەباشیدان و میدیای ئەمریکا دەڵێت، هەردوولا ئامادەن بۆ هەر سیناریۆیەک لەحاڵەتی ئەوەی سەرۆکی ئەمریکا بیروڕای بگۆڕێت.

بەرپرسێکی ئیسرائیل بە کەناڵ 12ـی وتووە، لە کۆبوونەوەکانی ناتەنیاهۆ لەگەڵ بەرپرسانی بەرگریی ئیسرائیل، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل وتوویەتی: ترەمپ لە گفتوگۆکاندا دەستپێشخەری کردووە لەسەر لێدانەوەی ئێران نەک ئەو و تەنانەت سەرۆکی ئەمریکا پرسیاری ئەوەی کردووە کە ئاخۆ ئیسرائیل بەشداری دەکات لە هێرش بۆ سەر ئێران ئەگەر پێش هەڵبژاردنەکان ئەنجام بدرێت.

نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل نکوڵی لەوە دەکات ناتەنیاهۆ فشار بکاتە سەر ترەمپ بۆ دەستپێکردنەوەی هێرش بۆ سەر ئێران و دەڵێت: سەرۆکوەزیران لە گفتوگۆی بەردەوامە لەگەڵ سەرۆک ترەمپ و بەرپرسانی باڵای ئەمریکا و هیچ قسەیەکی لەسەر ناوەڕۆکی گفتوگۆکان نییە.