دەڵێن، جێیان هێشتووین

بە باوەش دەمانپەڕێننەوە؛ گەڕەکێکی کۆیە هاوار و ناڵەیەتی

دەریا ئەحمەد – کۆیە

گەڕەکی کانی بسکان لە کۆیە، کە گەڕەکێکی دێرین و هەژار نشینی شارەکەیە وا سێ مانگە بۆ فراوانکردن و قیرتاوکردنی هەڵکەندراوە و جێهێڵدراوە، ئەوە دانیشتووانەکەی نیگەران کردووە و سەرۆکی شارەوانی قەزاکەش، هیچ قسەیەک لەسەر ئەو بابەتە ناکات.

لە ئێستادا کە کارەکانی وەستاوە، دانیشتوویەکی گەڕەکەکە بە 964 ی وت، ئێمە بە تەمەنین و بە باوەش دەمانپەڕێننەوە بۆ ماڵەوە.

دانیشتوانی گەڕەکی کانی بسکان بە 964ـیان وت، سەرەتا شەقامەکەیان هەڵکەند و دیواری چەند ماڵێکیان رووخاند و پێیان وتین شەقامەکە فراوان دەکەین و لەسەر ئەرکی خۆمان دیوارەکانتان بۆ چاکدەکەینەوە، بەڵام دوای ماوەیەکی زۆر و بێهیوانبوونمان هەموومان لە ئەستۆی خۆمان چاکمان کردەوە.

یەکێک لە دانیشتووانی گەڕەکەکە کە لە دیمەنە ڤیدیۆییەکە دەردەکەوێ دەڵێ، ئەم حەفر لێدان و تێکدانی شەقامەکە و جێهێشتنی بۆتە گرفت بۆمان و رۆژانە منداڵ دەکەوێتە ناو ئەو حەفرانەوە، ئەمە جگە لەوەی کێشەی ئاو و ئاوەڕۆشیان بۆ دروست کردووین.

ئەوان دەشڵێن، دوای چەنجار بەڵێندان بۆ چاککردنی کۆڵانەکەمان، ئێستاش بەمشێوەیە بەجێیان هێشتووە و داواکارین بەزوویی بۆمان چاکبکەنەوە.

964 بۆ گەیاندی گازندەی خەڵکی گەڕەکەکە، پەیوەندیکرد بە محەمەد میرحاج سەرۆکی شارەوانی کۆیە بەڵام رەتیکردەوە لەسەر ئەو بابەتە هیچ بڵێت.

پڕۆژەکە پێکهاتووە لە قیرتاوکردن و فراوانکردنی شەقامەکە و بەستنەوەی دوو سایدی هەناری و دووسایدی ئازادی بەیەکترەوە کە درێژیەکەی کیلۆمەترێک و 200 مەترە.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا