"تا کۆگا کاڵای تێدا بێت نرخ بەرز ناکەمەوە"
خاوەن مارکێتێکی سلێمانی نرخی کاڵاکانی دەستکاری نەکردووە
رازاو محەممەد – سلێمانی
لە مارکێتێکی سلێمانی نرخی کاڵا و پێداویستی رۆژانە گۆرانکاری بەسەردا نەهاتووە و وەک خۆیەتی، خاوەن مارکێتیەکە دەڵێت، “تا کۆگاکەم شتومەکی تێدا بێت دەستکاری نرخ ناکەم.”
نازم عەلی، کە خاوەنی مارکیتێکە لە سلێمانی، جیاواز لە زۆربەی مارکێتەکانی دیکە، دەستکاری نرخی کەلوپەلی مارکێتەکەی نەکردووە و بە 964ـی وت: نرخ لای ئێمە ئاساییە و وەک رۆژانی پێشووە، چونکە بەرهەممان لە کۆگا هەیە و تا بمێنێت ئێمە هەر بە نرخی پێشوو شتەکان دەفرۆشین.”
لەدوای بەرزکردنەوەی نرخی دۆلار بەرامبەر دینار لەلایەن حکومەتی عێراقەوە، نرخی پێداویستی رۆژانە بەراورد بە رۆژانی پێشوو گران بووە و زۆربەی خاوەن مارکێتەکان نرخی کاڵاکانیان بەرزکردووەتەوە.
نازم عەلی باسی لەوە کرد، “رەنگە بەشی هەفتەیەک زیاتر لە کۆگا کاڵا و شتومەک هەبێت، بەڵام خاوەن کۆمپانیاکان دەست کراوە نین لەگەڵمان و گلەییمان لێیان هەیە چونکە داوای شتییان لێدەکەم بە بڕی کەم بۆم دەنێرن چونکە ئەوانیش دەترسن لەوەی نرخ بەرزببێتەوە”.
پێداچوونەوە؛ کاکەلاو عەبدوڵا