"کرێکاری عومرت دەبا"
گەرماکە بەتینتر دەبێ و بلۆکە قورسەکان کرێکاری زەحمەتتر دەکەن
کاردۆست حسێن ـ هەولێر
لەگەڵ هەڵاتنی تیشکی خۆر رەنج و ماندووبوونی کرێکار دەستپێدەکات بۆ بە دەستهێنانی نانێکی حەڵاڵ، جیهاد سابر گەنجێکی 23 ساڵە، خێزاندارە و خاوەنی دوو منداڵە.
ئەو ماوەی هەشت ساڵە کاری کرێکاری دەکات و بژێوی ژیان بۆ خێزانەکەی دابین دەکات، بەڵام سەختی کارەکە وای لێ کردووە، بیر لەوە بکاتەوە کارەکەی بگۆڕێت.
جیهاد هێشتا تەمەنێکی گەنجی هەیە، بەڵام بەهۆی قورسایی کارەکەی ماندوبوون و شەکەتی زۆر بە ڕوخساریەوە دیارە و دوور لە تەمەنەکەی خۆی دەردەکەوێت، وەک خۆی دەڵێت،” کرێکاری عومرت دەبات”.
ئێستا گەرما تا 44 پلە بەرزە، ئەو وتی، کرێکاری هیچ داهاتوویەکی نییە و حەزدەکات کارەکەی بگۆڕێت، چونکە مەترسی زۆری هەیە و هیچ بیمەیەکی تەندروستی نییە جگە لە توشبوون بە ئازاری پشت و قاچ.
جیهاد شانازی بە کارەکەی دەکات، کاتێک دەبینێت کۆمەڵگا رێزێکی زۆریان لێ دەگرێت، بەڵام نەشیشاردەوە هەندێ جار بەرکەوتنیان لەگەڵ کەسانێک دەبێت، کە بە چاوێکی نزم سەیری کرێکاری دەکەن.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا